“رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان لە ڕووی ئابوریشەوە سود بە سلێمانی و هەڵەبجە دەگەیەنێت”

0
240

SNN-عەلی حەمە سەعید

لە درێژەی كاردانەوەكانی تایبەت بە واژۆكردنی ڕێككەوتنەی سیاسی لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بەشداریكردنیان بەیەك لیستی هاوبەش، ئابوریناسێك ئاماژە بەوە دەكات سەرەڕای ئەوەی لە ڕوی سیاسییەوە ئەمە پەیامێكی گرنگی تێدایە بۆ هاووڵاتیان لە هەمان كاتیشدا لەڕووی ئابورییەوە سودی زۆری دەبێت بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە.

عوسمان محەمەد، ئابوریناس و شارەزا لە كاروباری دارایی بە SNNی ڕاگەیاند: “كاتێك دوو هێزی خاوەن جەماوەر و خاوەن پێگەی سیاسی لە یەك ناوچە یاخود لە چەند ناوچەیەك یەكدەگرن ئەمە چەندین لێكەوتەی ئەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چ لەڕووی سیاسی بێت یاخود لە ڕووی ئابوری و تەنانەت لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە جێگەی خۆی دەگرێت، بۆیە ئەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان واژۆی لەسەر كراوە تەنها لەڕووی سیاسییەوە سودی نابێت، بەڵكوو لەڕووی ئابوریشەوە ئەگەر بۆ هەموو هەرێم سودی نەبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە سودی دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “كاتێك دەڵێین ئەم ڕێككەوتنە لەڕووی ئابورییەوە سودی دەبێت مەبەستمان لەوەیە كە كاتێك نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نشتیمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق پێكەوە فشار دەكەن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی پارە بۆ پرۆژەكان لە پارێزگاكانی هەرێم بە دڵنیاییەوە كاریگەری زۆر زیاتریان دەبێت لەوەی كە بە تەنها كوتلەیەك یاخود پەرلەمانتارێك داوا بكات، بۆیە بەو پێیەی كە ئەو دوو حزبە زۆرترین دەنگیان لە سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت بێگومان زۆرترین پرۆژەشیان بۆ ئەو دوو پارێزگایە دەبێت”.

ئەو ئابوریناسە باسی لەوەشكرد، “ئەگەر لە ڕابردوودا بەهۆی ململانێی سیاسییەوە نەتواندرابێت خزمەت بە ناوچەیەك بكرێت یاخود خزمەتی زۆری ناوچەیەك كرابێت و ناوچەیەكی دیكە فەرامۆش كرابێت بە ڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی ئەمە كۆتایی دێت، چونكە هەردولایان مەبەستیانە كە خزمەت بە ناوچەكانیان بكەن كە بێگومان هەردولایان نوێنەر و دەنگەریان لە زۆربەی ناوچەكانی سنوری هەڵەبجە و سلێمانی هەیە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this