وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی: سێ‌ هەزار و 919 كارگە لە هەرێمدا هەن

0
388

SNNعەلی حەمە سەعید

وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئاماژە بەوەدەكات: “لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان سێ‌ هەزار و 919 كارگەی گەورە و مامناوەند و بچوك لە وەزارەت تۆماركراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 350 كارگەیان لەكاردان”.

فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزاەتی پیشەسازی و بازرگانی بە SNNی راگەیاند: “لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان سێ‌ هەزار و 919 كارگەی گەورە و مامناوەند و بچوك لە وەزارەتی پیشەسازی تۆماركراون، لە و ژمارەیەش دوو هەزار و 350 كارگەیان بەردەوامن لەكاركردن و بەرهەمیان هەیە، لە كۆی ئەو سێ‌ هەزار و 919 كارگەیە تەنها 33 كارگەیان حكومین لەو 33 كارگەیەش 19 كارگەیان بە كرێ یاخود بە شێوەی موساتەحە دراون بە كەرتی ئەهلی، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئیستا زیاد لە دوو ملیار دۆلار بە تێچووی دامەزراندنی ئەو كارگانە خەمڵێندراوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “تا ئیستا ناڕازاین لە داهاتی ساڵانە و مانگانەی كارگەكانی هەرێم چەندە ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەلایەن كەرتی تایبەتەوە سەرپەرشتی و خاوەنداری دەكرێن، هاوكات زۆرترین ژمارەی كارگە لە هەرێمی كوردستان دەكەونە سنوری پارێزگای هەولێر كە ژمارەیان هەزار و 200 كارگەیە، لە پارێزگای سلێمانی 829 كارگە و لە پارێزگای دهۆكیش 321 كارگە تۆماركراون، هاوكات تا ئێستاش پارێزگای هەڵەبجە لەسەر پارێزگای سلێمانی ئەژمار دەكرێت بۆیە تا ئێستا هیچ كارگەیەكی تۆماركراومان لەو پارێزگایەدا نییە”.

وتەبێژەكەی وەزارەتی پیشەسازی ئەوەشی خستەروو: “بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ساڵی رابردوودا تەنها 17 كارگە دامەزراون لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی بەهۆی ئەو دوو هەزار و 350 كارگەیەی كە لەئێستادا لەكاردان توانیویانە هەلی كار بۆ زیاد لە 53 هەزار هاووڵاتیان بڕەخسێنن”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this