لە بازگەكانی عێراق گرفت بۆ گواستنەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم دروست دەكرێت

0
621

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەرەڕای ئەوەی لە نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی ڕیككەوتنكراوە بۆ كارئاسانیكردن بۆ گواستنەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بۆ پارێزگاكانی عێراق، بەڵام لە بازگەكان گرفت بۆ بەرهەمی جوتیارانی هەرێم دروستدەكرێت، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمیش دەڵێت لە هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكەداین.

یاسین محەمەد، یەكێك لەو کەسانەی كاری گواستنەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بۆ پارێزگاكانی عێراق دەگوازێتەوە بۆ SNNی ڕوونكردەوە، “ماوەی چەند ڕۆژێكە لە هەندێك لە بازگەكانی عێراق بە تایبەت بازگەی مەخمور گرفت بۆ گواستنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیارانی هەرێم دروستدەكرێت و بەجۆرێك مامەڵەمان لەگەڵدا دەكرێت كە بەرهەمی دەرەوەی عێراقمان هاوردەكردبێت زۆر جار داوای باجی زۆر دەكرێت و هەندێك جاریش هەر ڕێگە نادرێت بارەكانمان بگوازینەوە بۆ ئەو پارێزگایانە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “تا ئێستا سیستەمێكی دیاریكراو نییە كە ئێمە بتوانین پێوەی پابەندبین و بزانین بە چ شێوەیەك بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بگوازینەوە، بۆ ئەومەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم قسەمان كردووە ئەوەیان پێڕاگەیاندوین كە ئەوان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕێككەوتنیان هەیە و هەموو كارئاسانییەك بۆ گواستنەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم دەكرێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە”.

لای خۆیەوە حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بە SNNی ڕاگەیاند: ئێمە بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی كە هیچ كێشەیەك بۆ گواستنەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق دروستنەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق داوای ئەو بەرهەمانەیان كردووە كە لە پێداویستی ناوخۆیی هەرێم زیاترن ئێمەیش بە لیستێك ناوی بەرهەمەكانمان بۆ ڕەوانەكردوون.

وتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەشی ڕوونكردەوە، لە بازگەیەكەوە بۆ بازگەیەكی دیكە مامەڵەكردن لەگەڵ گواستنەوەی بەرهەمی جوتیاران گۆڕانكاری بەسەردا دێت بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئێمە لە وەزارەتی كشتوكاڵ لە هەماهەنگی بەردەوامداین لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە چارەسەركردنی ئەو كێشانەش بەردەوامین.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this