بە تۆمەتی تەقەکردن لە رۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی دوو گومانلێکراو دەبرێنە بەردەم دادگا

0
203

SNN

رووداوی تەقەکردن لە پیتەر رۆدۆڵف دی ڤریز رۆژنامەنووسی بنکۆڵکار لە هۆڵەندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی باڵا و هاوڵاتیانی ئاسایی ئەو وڵاتە بەتوندی دژی ئەو تاوانە هاتوونەتە دەنگ و لەسەر رووداوەکەش دوو گومانلێکراو دەستگیرکراون و بڕیارە بەمنزیکانە ببرێنە بەردەم دادگا.

شەوی سێ شەممە دوای ئەوەی پیتەر رۆدۆڵف دی ڤریزی تەمەن 64 ساڵ بینای کەناڵێکی لە ئەمستردام جێدەهێشت، کە وەک میوان بەشداری بەرنامەیک ببوو، لە مەودایەکی نزیکەوە کەوتە بەر دەستڕێژی گولە و پێنج فیشەکی بەرکەوت و لە ئێستادا باری تەندروستی ناجێگیرە.

ئەو رۆژنامەنووسە کە بە لێکۆڵینەوە و کارە بنکۆڵکاریەکانی لە سەر باندە مافیایی و تاوانکارەکان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ناسراوە، زۆر جار هاوکاری پۆلیسی کردووە لە بە ئەنجامگەیاندنی چەندین دۆسیەی تاوان و بەو هۆیەشەوە چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، هەر لەبەر ئەوەش لە ساڵی 2019ەوە لە لایەن پۆلیسەوە پارێزگاری لێدەکرا.

مارک رۆتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا تەقەکردن لەو رۆژنامەنووسەی بە “هەژێنەر” و “بە هێرشێک بۆ سەر ئازادی کاری راگەیاندن و پەلاماردانی رۆژنامەنووسێکی بوێر” ناوبردووە.

ویلم ئەلکساندر پادشای هۆڵەندا و شاژنە ماکسیما “نیگەرانی قوڵ”ی خۆیان لەو رووداوە راگەیاندوە و جەختیان کردوەتەوە لەوە کە دەبێت رۆژنامەنووسان بە ئازادی و بە بێ هیچ هەڕەشە و مەترسییەک کارەکانیان بکەن.

سەرباری تێپەڕبوونی دوو رۆژ بەسەر رووداوەکە هێشتا پۆل پۆل هاوڵاتیان دەچنە شوێنی کردنەئامانجی ئەو رۆژنامەنووسە و بە دانانی گوڵ و هەڵگیرساندنی مۆم و نوسینی پەیام هاوسۆزی و پشتگیری خۆیان بۆ ئەو رۆژنامەنووسە دەردەبڕن.

ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر ئەو تاوانە سنورەکانی هۆڵەنداشی بریوە و لەو بارەوە شارڵ میشڵ سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا هێرشەکەی بە تاوان لە دژی رۆژنامەنووسی ناوبردووە و رایگەیاندوە: “بێوچان بەردەوام دەبین لە بەرگری لە ئازادی کاری رۆژنامەنووسی”.

لای خۆشیەوە دەیڤد ماریا ساسولی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاندوە: “هێرش بۆ سەر رۆژنامەنووسان هێرشە بۆ سەر هەموومان”.

بنەماڵەی پیتەر باسیان لەوەکردووە، هەرچەندە بە دژوارترین ساتەکانی ژیانیاندا تێپەڕ دەبن، بەڵام هاوسۆزی و پشتیوانی خەڵک ئارامیان پێدەبەخشێت.

لەسەر ئەو رووداوە پۆلیسی هۆڵەندا سێ گومانلێکراوی دەستگیرکردووە و دواتتر یەکێکیان کە گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بووە ئازاد کراوە و بڕیارە رۆژی هەینی دوو کەسەکەی تر کە یەکیان هۆڵەندییە و ئەویتریان خەڵکی پۆڵەندایە ببرێنە بەردەم دادگا.

هەرچەندە ئەوروپا بە ژینگەیەکی لەبار و پارێزراو دادەنرێت بۆ کاری رۆژنامەنووسی، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک رۆۆژنامەنووسی بنکۆڵکار کراونەتە ئامانج و کوژراون.

ساڵی رابردوو بەرپرسیکی سەربازی لە سلۆڤاکیا بە تۆمەتی کشتنی رۆژنامەنووس جان کۆشیاک و دەزگیرانەکەی لە ساڵی 2018 لە لایەن دادگای ئەو وڵاتەوە سزای 23 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

لەسەرەتای ئەمساڵیشدا لە ماڵتا دوو کەس دەستگیرکران، کە تۆمەتبارن بەوەی ساڵی 2017 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان بۆ تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس دافنە کاروانا گالیزیا ئامادە کردووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this