سەرەڕای قەیرانی ئاو لە هەولێر قایمقامی شارەکە ڕێگەنادات ئاو دابەشبكرێت

0
290

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەگەڵ ئەوەی زیاد لە سێ‌ هەفتەیە لە سنوری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری قەیرانی كەمی ئاوی خورادنەوە لە گەڕەك و كۆڵانەكانی هەولێر سەریهەڵداوە و ڕۆژانە هاووڵاتیان بە تانكەر ئاویان پێدەگات و هەندێكیشیان لەسەر گیرفانی خۆیان ئاو دەكڕن، بەڵام بە فەرمانی قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دابەشكردنی ئاو لەڕێگەی تانكەرەوە بە بێ‌ ڕەزامەندی ئەوان قەدەغەكراوە.

لە ڕاگەیەندراوێكی نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر كە وێنەیەكی لای SNNە ئەوە خراوەتەڕوو، دبەشكردنی ئاو بەشێوەی هەڕەمەكی و لە ڕێگەی تانكەرەوە  پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تەندروستیی گشتی و پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتییانەوە هەیە، بۆیە لەسەر فەرمانی پارێزگاری هەولێر، لەمەبەدوا ڕێگە بەهیچ كەس ولایەنێك نادرێت بە هەڕەمەكی بێت و ئاو دابەش بكات، دەبێت ئەو تانكەرەی ئاو خواردنەوەی ماڵان دابەش دەكات، تانكەری تایبەتی ئاو بێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێ و هەركەس و لایەن و شوێنێكیش پابەند نەبێت، رێكاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر، بۆ ئەومەبەستەش تیمەكانیان لەهەڵمەتێكدا لە زۆربەی گەڕەكەكانی شاری هەولێر بەدواداچوون و چاودێری توندیان خستووەتەسەر تەنكەرەكانی دابینكردنی ئاو و ڕێوشوێنەكانی دابەشكردنی بەسەر ماڵاندا، هەروەها تیمی تایبەت پێكهێنراوە بۆ زانینی سەرچاوەی ئاوەكە كە لەكوێ دێت و چۆن لەگەڕەكەكان دابەشدەكرێت.

ئەو ڕاگەیەندراوەی قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لە كاتێكدایە كە SNN لەڕاپۆرتێكدا و بە شت بەستن بەو ئامارانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوە ئاوییەكان دەستیكەوتووە ئەوە خراوەتەڕوو، لە شاری هەولیر پێنج هەزار بیری نایاسایی لێدراون ئەوەش كاریگەری خراپی هەبووە لە كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لەو سنورە، هاوكات ماوەی چەند ڕۆژێكە چەند ڕێكخراوێكی خێرخوازی و بە بێ‌ بەرامبەر ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی گەڕەكەكانی هەولیر دابین دەكەن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this