بەرپرسێکی دارایی: لێبڕین دەمێنێت بەڵام مووچە خێراتر دابەشدەکرێت

0
894

SNN-عەلی حەمە سەعید
ماوەی 20 ڕۆژە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیران، ئەمڕۆش كۆتایی بەدابەشكردنی مووچەهات، بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایش باس لە دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگەدەكات لە دوای پشووی جەژنی قوربان ، هاوكات باس لە كەمكردنەوەی ڕێژەی لێبڕین دەكات.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایی بە SNNدراون ئەوە خراوەتەڕوو، بە گەیشتنی 200 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێم، پرۆسەی دابەشكردنی مووچە خێراتر دەكات و ئەوەی ئەم مانگە و مانگی پێشوو ڕوویدا لە سستی دابەشكردنی مووچە كۆتایی دێت، چونكە پارەی پێویست لەبەردەستدایە بەڵام بە دڵنیاییەوە لە دوای پشووی جەژن دەستبەدابەشكردنی مووچەی مانگی تەموز دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو 200 ملیار دینارەی كە عێراق ڕەوانەی هەرێمی كردووە بە گوێرەی یاسای بودجە دەبێت بۆ مووچەی فەرمانبەران خەرجبكرێت، بەڵام نیەتێك هەیە كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە سەرجەمی ئەو پارەیە بۆ مووچە بەكار نەهێندرێت چونكە سەرۆكی حكومەت پێی وایە ئەو 200 ملیارە بە شێوەی سولفە نێردراوە و لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای بودجەدا نییە تا هەرێم پابەند بكات تەنها بۆ دابەشكردنی مووچە بەكار بهێنێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەی زیاد لە 20 پەرلەمانتاری هەرێم داوای كۆتایی هێنان بە لێبڕینی مووچەیان كردووە لە دوای گەیشتنی ئەو 200 ملیارە بە دڵنیاییەوە لێبڕینی مووچە هەر دەمێنێت بەڵام پێدەچێت ڕێژەكەی بۆ لە %10 تا لە%15 كەمبكرێتەوە و پلە تایبەتەكانیش لە %50 كەمبكرێتەوە بۆ لە %25 ، بەڵام ئەمە دواجار لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كۆتایی لە بارەوە دەدرێت.

وتەكانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی لە كاتێكدایە كە لە 25ی مانگی ڕابردووەوە وەزارەتی دارایی دابەشكردنی مووچەی دەستپێكردووە و دوای نزیكەی 20 ڕۆژ ئەمڕۆ بەدابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیران دێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this