بۆ دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی چەند پێشنیازێک دەخرێنەڕوو

0
544

SNN

 سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە پاڵ خستنەڕووی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، چەند پێشنیازێکیش بۆ دابەزاندنی نرخەکەی دەخاتەڕوو، لەوانە “دابینکردنی بەشە سوتەمەنی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و دروستکردنی دوو پاڵاوگەی هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان”.

 سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: “لەئێستادا چەندین هۆكار هەن لەپشت زیادبوونی نرخی سوتەمەنیی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، لەوانەش: “زیادبوونی خواست لەسەر سوتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان و زیادكردنی ئەو رسوماتانەی حكومەتی هەرێم وەریدەگرێت بۆ ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی هاوردەی سوتەمەنی لە دەرەوەی وڵاتەوە.

هەر لە رووەشەوە روونیکردوەتەوە: “پێشتر مۆڵەتی هاوردەی سوتەمەنی لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە دەدرا بۆ هەر تەنێك سوتەمەنی بڕی 15 دۆلار رسومات وەردەگیرا، وەبڕی 18 هەزار دیناری عێراقیش باج وەردەگیرا بۆ هەر تەنێك بەڵام لە ئێستادا ئەم مۆڵەتە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سامانە سروشتیەكانەوە دەدرێت و ئەو رسوماتە زیاد كراوە بۆ 25 دۆلار بۆ هەرتەنێك وەرسوماتی باجیش لە 18 هەزاروە كراوە بە 180 هەزار دینار”.

سیروان محەمەد گۆڕانکاری لە نرخی گۆڕینەوەی دینار بە دۆلاریش بە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی دادەنێت، بەو پێیەی بەشی زۆری سوتەمەنی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.

هەروەک پێشیوایە بە پێچەوانەی حکومەتی ناوەند، حکومەتی هەرێم هیچ پلانێکی نییە جێگیرکردنی نرخی سوتەمەنی.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ چارەسەری گرانی نرخی سوتەمەنی پێشنیاری کردوە، کە “داوا بکرێت بەشە سوتەمەنی بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە دابین بكرێت و پێشنیار دەكەین حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری جدی بۆ ئەم بابەتە بكات”.

هاوکات پێشنیازیشی کردووە، “پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەدا بكرێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پاڵاوگەکاندا كردویەتی و پابەند بن بەناوەڕۆكی گرێبەستەكانەوەو وابكرێت ئەو پاڵاوگانە بەشە سوتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان بەنرخی گەونجاو دابین بكەن”.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی پێشنیازی کردووە “دوو پاڵاوگەی هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێن، لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بەشێوەی پشك لە ڕێگە كۆمپانیایەكی پشكدارەوە، كە بتوانێت پێداویستی هەرێم بۆ سوتەمەنی بە كوالێتی بەرز دابین بكات”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this