لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی کۆمەڵێک رێنمایی نوێی سەبارەت بە کۆرۆنا دەرکرد

0
695

SNN

ئەمڕۆ شەممە، لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتیی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کۆبۆوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی نوێی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانیدا هەڵسەنگێنراو لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانییەوە، ڕوونکردنەوەی پێویست خرانە ڕوو، کە لە هەموویاندا ئاماژە بۆ مەترسیی بڵاوبوونەوەی زۆرو خێرای پەتای کۆرۆنا دەکەن، لە کۆتاییدا بڕیاردرا بە:

1 پێویستە هاووڵاتیان پابەندی تەواوی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن، بەتایبەتی بەکارهێنانی ماسک و پاراستنی دووریی نێوانیان و دوورکەوتنەوە لە هەر بەریەککەوتن و کۆڕو کۆبوونەوەو قەرەباڵغییەک.

2 پێویستە هاووڵاتیان ڤاکسینی پێویست وەربگرن وەک ڕێگایەکی پەسەندکراوی نێودەوڵەتیی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکەو دوورخستنەوەی مەترسیی مردن لە تووشبووانی کۆرۆنا.

3 پێویستە هەموو کارمەندانی فەرمانگە دەوڵەتیەکان و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت پابەندی تەواوی ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن و ڕێگا بە هیچ هاووڵاتییەک نادرێت بەبێ پابەندبوون بەم ڕێکارانەوە سەردانی ئەم دامودەزگایانە بکات.

4 پێویستە هەموو چالاکییە سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی، کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن تا تێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا، ڕابگیرێن.

5 پێویستە دەزگاکان و دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن وەک هەمیشە هاوکارو هەماهەنگ بن لە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوون بە خۆپارێزیی و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژ بە پەتای کۆرۆنا.

6 پارێزگای سلێمانی هاوکارو هەماهەنگیی تەواوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانی دەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەوکەسانەی لە ڕۆژێکدا ڤاکسین وەردەگرن بۆ ڕێژەیەکی گونجاو.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this