لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا ئێران دەستیكرد بە بەردانەوەی ئاوی ڕووباری سیروان

0
642

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژە بەوەدەكات لە یەكەم رۆژی جەژنەوە و بەهۆكاری نەزاندراو ئێران دەستیكردووە بە بەردانەوەی ئاوی ڕووباری سیروان كە بەهۆیەوە گرفتی كەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە چارەسەردەكات و هاوكات هۆكارێكیش دەبێت بۆ زیاد بوونی ڕێژەی ئاوی گلدراوەی بەنداوی دەربەندیخان.

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە SNNی ڕاگەیاند: ماوەی چوار ڕۆژە لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانەوە ئێران دەستیكردووە بە بەردانەوەی ئاوی ڕووباری سیروان، بەجۆرێك لە ڕۆژی یەكەمدا 10 مەتر سێجا و لە ڕۆژی دووەمدا 20 مەتر سێجای بەرداوەتەوە و تا ئەمڕۆش بەردانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە بەردەوامی هەیە كە ئەمەش جێگای دڵخۆشییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە ئاگاداری وردەكاری ئەو بڕیارەی ئێران نین كە ئاخۆ بە چ هۆكارێك دەستیكردووە بە بەردانەوەی ئاو بۆ ڕووباری سیروان و بەنداوی دەربەندیخان، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەردەوامیدان بە بەردانەوەی ئەو ڕێژە ئاوەی كە ئێستا هەیە دەبێتە هۆی ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە لە گرفتی كەمئاوی ڕزگار بكات و گرفت بۆ پرۆژەی دابینكردنی ئاوی هەڵەبجە دروست نەبێت، هاوكات هۆكارێكیش دەبێت بۆ زیاتر گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لەم كاتەدا 10 مەتر نیو ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان كەمیكردووە، بەڵام تا ئێستا ئەمە نەبووەتە كێشەیەكی گەورە بۆ بەرنەدانەوەی ئاو بۆ ناوچەكانی دیكە ئەو بەنامەو پلانەی كە دامان ناوە بۆ بەردانەوەی ئاو وەك خۆی جێبەجێی دەكەین.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this