رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هەرێمی کوردستان نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی ڕادەربڕینە

0
200

SNN

نوسینگەی دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی رەخنە و نیگەرانییەکانی کۆمیتەی بەرگریی لە رۆژنامەنووسان (CPJ) لە بارەی سزادانی رۆژنامەنووسێکی بادینان رایگەیاند: شانازی دەکەین کە کوردستان میدیای ئازادی هەیە، و نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندنە لە ناوچەکە.

دوای ئەوەی کۆمیتەی بەرگریی لە رۆژنامەنووسان نیگەرانی خۆی لە سەپاندنی سزای حەوت ساڵ زیندان بە سەر رۆژنامەنووس قارەمان شوکری دەربڕی نوسینگەی دیندار زێباری لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە: ئەو تۆمەتانەی بەسەر قارەمان شوکریدا پشتڕاستکراونەتەوە بە هیچ جۆرێک پەیوەندییان بە کاری ڕۆژنامەوانی ناوبراوەوە نییە.

راشیگەیاندوە: ” قارەمان شوکری بە بڕیاری دادگا دەستگیر کراوە و بە گوێرەی یاسا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە. ناوبراو بەهۆی ئەندامبوون لە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوێکی چەکداری نایاسایی و تێوەگلان لە کاری هەواڵگری بۆ ئەو ڕێکخراوە  دەستگیر کراوە و حوکم دراوە”.

جەختیشی کردوەتەوە: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان میدیای ئازاد بە کۆڵەگەیەکی گرنگی حوکمڕانی و توخمێکی بنەڕەتی دیموکراسی دەزانێت. ئێمە شانازی دەکەین کە کوردستان میدیای ئازادی هەیە، و نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندنە لە ناوچەکە”.

ئەمەش لە کاتێکدا زیاتر لە 30 رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان نزیکەی ساڵێکە دەستگیرکراون بە تۆمەتی جیاجیا حەوت کەسیان تائێستا دادگایی کراون و سزای دوو بۆ حەوت ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە، لە کاتێکدا پارێزەرەکانیان باس لەوەدەکەن لە ژێر هەڕەشە و فشاری دەرونیدا ناچار بوون دان بەو شتانەدا بنێن کە بەسەریاندا سەپێنراوە.

گرتن و سزادانی ئەو چالاکوانانە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردانەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە بە هەوڵێک بۆ سەرکوتی ئازادی رادەربڕین و کپ کردنی دەنگی رەخنەگران لێکدەدرێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this