ئایا ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر زنجیرەی گۆڕاوی دەلتا هەیە

0
494

SNN

دکتۆر عارف گۆران پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لە وڵاتی لەندەن، لە راپۆرتێکیدا کە بۆ SNNی ناردووە، باس لەو ئەگەرانە دەکات کە ئایە کەسێک گەر ڤاکسین بەکاربهێنێت ئەگەری ئەوەی هەیە تووشی کۆرۆنای گۆڕاوی جۆری دەلتا ببێتەوە.

دکتۆر عارف گۆڕان لە راپۆرتەکەیدا دەلێت: ڤایرۆسی گۆراوی کۆرۆنا، بە دیاریکراوی زنجیرەی دەلتا لە بەشێکی زۆری ولاتانی جیھان بڵاوبۆتەوەو لە ھەلشکانە، گەیشتنی دەلتا بۆ کوردستان شتێکی تەواو چاوەڕوان نەکراو بوو، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نوێیە، خەڵکانێکی زۆر باس لەوەدەکەن، كە ڤاكسینەكان مرۆڤ لە جۆری دەلتای كۆڕۆنا ناپارێزن، بۆیە پێویست بە وەرگرتنی ناكات! ئایا بەڕاستی ڤاكسینەكان كاریگەریان بەسەر ئەو جۆرە نوێیەی كۆڕۆنا نییە، ھەوڵدەدەم لەم چەند خالەی خوارەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە:

1- بەرلەهەموو شتێك دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین، كە ھیچ ڤاکسێنێک سەد لە سەد نەخۆش ناپارێزێت، ڕاستە سێ ھەفتە دوای وەرگرتنی بڕەژەمی یەکەمی ڤاکسین لەشی مرۆڤ دەست بە درووستکردنی بەرگری دەکات، بەڵام دەبێت ئەوە بوترێت کە بەرگری تەواو دوای دوو ھەفتە لە بڕەژەمی دووەمی ڤاکسین درووست دەبێت، لە بەریتانیا تێبینی کراوە ژمارەی تووشبووان بە جۆری دەلتا لە نێو ئەو كەسانەی تەنیا یەك ژەم ڤاكسینیان وەرگرتووە زۆر زیاتر بووە بە بەراورد بەوانەی هەردوو ژەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە. لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کاریگەری ڤاکسینەکان دوای بڕەژەمی یەکەم بەرامبەر بە زنجیرەی دەلتا وەكو پێویست نییە، ھەر بۆیە زۆر گرنگە ھەردوو بڕەژەمی ڤاکسینەکان وەربگیرێت، دەکرێت ژەمی دووەم دوای سێ ھەفتە لە وەرگرتنی ژەمی یەكەم وەربگیرێت، ئەگەر تۆزێك دواتریش بكەوێت زیانی نییە، بە مەرجێک لە سێ مانگ زیاتر نەبێت، بەشێک لە لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن ئەگەر بڕەژەمی دووەم ھەشت ھەفتە دوای بڕەژەمی یەکەم بدرێت بۆی ھەیە کاریەگەری باشتری ھەبێت و برێکی زیاتر لە بەرگری درووست بکات.

2- .لێکۆلینەوەکان دەریان خستووە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر زنجیرەی دەلتا هەیە، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر بە بەراوردکردن لەگەل زنجیرە کۆنەکانی کۆرۆنا، بۆی ھەیە ڕێژەی کاریگەری ڤاکسینەکان بەرامبەر دەلتا لە ڤاکسینێکەوە بۆ ڤاکسینکێکی تر بگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ڤاکسینەکان بە ڕێژەی %66بۆ 88 خەڵکی دەپارێزن لە تووشبوون بەو زنجیرە نوێیەی کۆرۆنا، لە بەریتانیا زۆربەی ھەرەزۆری ئەو کەسانەی تووشی زنجیرەی دەلتا بوون لە ڕیزی گەنجەکان ومندالانن، واتە ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، هاوكات ژمارەیەکی بەرچاو لەوکەسانە بوو کە تەنھا یەک بڕەژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.

3- ڕێژەی تووشبوون بە زنجیرەی دەلتا لەو کەسانەی ھەردوو بڕەژمەی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر کەمە، بەڵام لەوەش گرنگتر لە ئەگەری تووشبوونیش ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر ناڕەحەت نابن، رێژەی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت یەکجار کەمە، ھەر لەبەر ئەو ھۆیانەیە لە ووڵاتێکی وەک بەریتانیا لە کاتێک ژمارەی تووشبوون لە ھەڵکشانە ژیان تەواو ئاسایی بووەتەوە، چونكە نزیکەی %70ی خەڵکی بەریتانیا ھەردوو بڕەژەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە، واتە ڤاکسینەکان تاکە ھۆکارن بۆ ئاسایی بوونەوەی ژیان و کەمبوونەوەی مردن بە ھۆی کۆرۆنا.

4- پێنج مانگ پێش ئێستا لە نووسینێكمدا ئاماژەم بەوە كرد، کە مردن بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای وەرگرتنی ڤاکسین دەبێت بە دیاردەیەکی دەگمەن، ھەفتەی ڕابردوو لێکۆڵینەوەیەکی گەورە لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، كە لە کۆی ھەژدە ھەزار مردن بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر لە ١٪‏ لە نێو ئەو کەسانەدا بووە، کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە، بە واتایەکی تر بە گوێرەی ئەو ئامارانەی کە تاکوو ئێستا لەبەردەستە ڤاکسینەکان بە رێژەی ٩٩٪‏ خەڵک لە مردن بە ھۆی کۆرۆنا دەپارێزێت.

ئاگادارم ڤاکسینەکان وەک پێویست لەبەردەست نین، بەڵام لە چەند ھەفتە و مانگی داھاتوو برێکی زیاتر دەگاتە عێراق و کوردستان، جێگای داخە خەڵکانێکی زۆر لە ڤاكسینەكە دەترسن، ئەو دیاردەیە لە هەموو جیهان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا نزیکەی چوار ملیار بڕەژەمی ڤاکسینەکان لە جیھان بەکارھاتووە و ئەو کەسانەی کێشەیان بۆ درووست بووە بە ھۆی بەکارھێنانی ڤاکسین ژمارەیان یەکجار کەمە .لە عێراق وەک بەشێکی وولاتە ھەژارەکان کەمتر لە %3ی‏ دانیشتووان ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەمەش بڕیكی زۆر كەمەو بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە ھۆی بەردەوامبوون و زیادبوونی کۆرۆنا.

کوردستانیانی خۆشەویست دەزانم خەڵکی بێزار بوون لە کۆرۆنا، من لێرەدا باسی کارەنتینەکردن و پەیرەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپاراستن ناکەم، چونکە زۆرینەی خەڵکی شارەزاییەکی باشیان دەربارەی ئەو ڤایرۆسە پەیدا كردووە، بەڵام لە دۆخێكی وەك ئێستادا، کە ڤایرۆسەکە بە رێژەیەکی زۆر بڵاوبووەتەوە، ئەگەر دەرفەتی ئەوەت ھەبێت ڤاکسین وەربگریت بەھیچ شێوەیەک دوو دڵ مەبە، ئەگەر نیشانەکانی کۆرۆنات ھەیە، کە دەزانین جۆری دەلتا تا رادەیەکی زۆر لە ھەڵامەت دەچێت، ئەوا لە مالەوە مەچۆ دەرەوەو ویژدانت بکە بە حەکەم، چونکە بە دەرچوونت و تێکەڵ بوون بە خەڵک کۆمەڵێک خەڵکی بێ گوناح تووشی ئەو ڤایرۆسە دەکەیت، ئەگەر بۆت دەکرێت بۆ دلنیابوون لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ئەتوانی لە سەنتەرەکان پشکنینی پس سی ئار بکەیت، لە ئەگەری نارەحەت بوون و تەنگەنەفەسی و دابەزینی رێژەی ئۆکسجین بە زووترین کات سەردانی دکتۆر و نەخۆشخانەکان بکە .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this