بڕیاری كۆتایی دراوە لە بارەی گۆڕینی تابلۆ و مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەكانی هەرێم

0
582

SNN-عەلی حەمەسەعید

بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات بڕیاری كۆتایی دراوە لە بارەی گۆڕینی تابلۆ و مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەكانی هەرێم بە هاوشێوەی عێراق، سەرجەم تابلۆی ئۆتۆمبیلەكانی هەرێم هاوشێوەی عێراق یەكدەخرێن،لەسەر تابلۆ نوێیەكانی ئۆتۆمبێل تەنها ئاماژە بە ناوی پارێزگا دەكرێت و لەماوەی شەش مانگی داهاتووشدا ئەو بابەتە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

عەمید حەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بەSNNی ڕاگەیاند: بابەتی گۆڕینی تابلۆ و ساڵانەی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی كوردستان یەكلایی بووەتەوە و سەرجەم ئۆتۆمبیلەكانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق تابلۆكانیان یەكدەخرێت و ساڵانەی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێریش دەكرێتە پلاستیكی، بۆ ئەومەبەستەش نزیكەی شەش مانگ پێویست دەبێت تا ئەوەی بتواندرێت ئەو كارە بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم كارە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم و عێراق ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەومەبەستەش ئەو كۆمپانیایەی كە هەستاوە بۆ گۆڕینی تابلۆ و ساڵانەی ئۆتۆمبیلەكانی عێراق هەمان كۆمپانیا لەهەرێمی كوردستانیش دەستبەكار دەبێت، بۆیە لەسەر تابلۆ نوێیەكانی ئۆتۆمبێل تەنها ئاماژە بە ناوی پارێزگاكە دەكرێت و پارێزگاكانی هەرێمیش وەك هەر پارێزگایەكی دیكەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، ئەم گۆڕانكارییانە لە سودی پارێزگای هەڵەبجەیە چونكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراقەوە ڕەزامەندی دەربڕدراوە بە پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی عێراق هەڵەبجە، بۆیە لەم گۆڕانكارییە نوێیەدا هەڵەبجەش وەك پارێزگایەكی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بۆ ئەومەبەستەش ئێمە چەند ئەفسەرێكمان ناردووەتە ئەو خولانەی كە تایبەتن بە گۆرینی مۆڵەتی شۆفێری و تابلۆ و ساڵانەی ئۆتۆمبێل بە شێوەی سیستەمی ئەلیكترۆنی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this