شێوازی دابەشكردنی هاوكاری بەسەر كەمدەرامەتاندا ئاشكرا دەكرێت

0
4741

SNN_عەلی حەمەسەعید

لە ئەمڕۆوە دەستكراوە بە دابەشكردنی ئەو هاوكارییەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ كەمدەرامەتان و كرێنشیانی پارێزگاكانی هەرێم دابینكراوە كە بە بڕی 200 هەزار بەشە خۆراكە.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: “لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بڕی 200 هەزار بەشە خۆراك كە لە ئارد و نیسك و زەیت و ئاوەتەماتە پێكدێن دابینكراوە بۆ هاووڵاتیانی كەمدەرامەت و كرێنشینان، لە ئەمڕۆشەوە دەستمانكردووە بە دابەشكردنی لە سنوری پاریزگای هەڵەبجە و ناحیەكانی دەوروبەری، بەجۆرێك بۆ هەرخێزانێك بڕی فەردەیەك ئارد و 10 دەبە ڕۆنی زەیت و دوو قتوو دۆشاوی تەماتە دوو كیلۆ نیسكیان بەسەردا دابەشدەكرێت و تا پێش جەژن بەردەوام دەبین لە دابەشكردنی”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “ئەو 200 هەزار بەشە خۆراكە، بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان دابەشكراوە بەسەر پاریزگاكاندا، بەجۆرێك 70 هەزاری بۆ پارێزگای هەولێر و 50 هەزاری بۆ پارێزگای سلێمانی 50 هەزاری بۆ پارێزگای دهۆك و 12 هەزاری بۆ ئیدارەی راپەڕینە و 10 هەزاری بۆ ئیدارەی گەرمیانە و هەشت هەزاریشی بۆ پارێزگای هەڵەبجەیە، كە بەكۆی گشتی بایی نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار لەو پارەیەی كە حكومەت كۆی كردەوە لە سەرمایەدار و خێرخوازان،  تا پێش جەژن سەرجەمی دابەشدەكرێت”.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: “بۆ دیاریكردنی ناوی كەمدەرامەتان و كرێنشینان پشت بەستراوە بە چەند لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی ناوەكان و دواتر وردبینی كردنیان كە نزیكەی مانگێكە سەرقاڵی تۆماركردنی ناوەكانن كە لە نوێنەرەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی  قایمقامیەت بەڕێوەبەرایەتی ناحیەكانی بەڕێوەبەرایەتی پسوڵەی خۆراكی نوسینگەی هەماهەنگی قەیرانەكان نوسینگەی مافی مرۆڤ بەڕێوەبەرایەتی ئامار و چەند لایەنێكی دیكە پێكدێن، ئەو خێزانانە دەستنیشانكراون كە داهاتی مانگانەیان لە 300 هەزار دینار كەمترە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this