ئاسۆ حەوێزی: کارتی ڤاکسین ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان دەکات

0
268

SNN-عەلی حەمە سەعید

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەكات تا كۆتایی ئەم هەفتەیە كارتی تایبەت بە ڤاكسین لەهەموو پارێزگاكانی هەرێم ئامادە دەبێت و دەدێتە ئەو هاووڵاتیانەی كە هەردوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، كە تیایدا وردەكاری جۆری ڤاكسین و ناونیشان و تەمەنی كەسەی لەسەر دیاریكراوە لەوڵاتانی دەرەوەش كاری پێدەكرێت، هاوكات باسیش لە ڕەوشی توشبووانی كۆرۆنا دەكات.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بە SNNی ڕاگەیاند: هەروەك پێشتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ئامادەكاری كرابوو بۆ پێدانی ڤاكسین كارت بەو كەسانەی كە بەهەردوو ژەمی ڤاكسین خۆیان كوتاوە، لە ئێستادا ئامادەكارییەكانی پێدانی ئەو كارتە بەكۆتا گەیشتووە و تا كۆتایی ئەم هەفتە دەستدەكرێت بە پێدانی ئەو كارتە.

ئاماژەی بەوەشكرد،لە ڤاكسین كارتەدا وردەكاری تایبەت بە جۆری ڤاكسینەكە و بەرواری وەرگرتن و تەمەنی كەسەكە و چەند وردەكارییەكی دیكەی تێدا تۆماركراوە، هاوكات پێش ئەوەی دەستبكەین بۆ ئامادەكردنی ئەو ڤاكسین كارتانە لە گەڵ وڵاتانی دەرەوە هەماهەنگیمان كردووە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئەو كارتەدا بكرێت و كارئاسانی بۆ ئەوكەسانە بكرێت كە ئەو كارتەیان پێدەدرێت لەڕێگەی فڕۆكەخانەكانەوە یان لە دەروازە سنورییەكانەوە گەشی دەرەوەی هەرێم دەكەن كارتەكەش بەو كەسانە دەدرێت كە دەبێت هەردوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتبێت.

وتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لە دۆخێكی سەختی توشبوون بە كۆرۆناداین، سەرجەم نەخۆشخانەمان لە پڕبوونی تەواوەتی نزیك بوونەتەوە بەڵام تا ئێستا نەمان هێشتووە گرفتمان بۆ دروست ببێت لە كەمی ئامێرو بڕی دەرمان بۆ ئەو توشبووانەی كۆرۆنا، بۆیە وەك هەمیشە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین خۆیان بكوتن و ماسك بەكار بهێنن و قەرەباڵغی كەمبكەنەوە، بۆ ئەوەی ئەركی سەرشانی نەخۆشخانەكانیشمان سوكتر ببێت و توشبوون بە كۆرۆنا ڕوو لەكەمی بكات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this