جەمال کۆچەر: ئەگەر فشاری پەرلەمانی نەبێت ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا بەردەوام دەبێت

0
452

SNN-عەلی حەمەسەعید

ئەندامێكی لیژنەی دارای لە پەرلەمانی عێراق رايگەياند: “لە ئێستادا زیاد لە 200 پەرلەمانتاری ئێستا دووبارە خۆیان كاندیدكردووتەوە بۆ پەرلەمان و سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەمە وایكردووە پەرلەمان سڕبكرێت و هیچ فشارێكیش لەسەرحكومەتەكەی كازمی دروست نەبێت”. 

د. جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەSNNی ڕاگەیاند: “لە ئێستادا بەجۆرێك لە جۆرەكان پەرلەمانی عێراق سڕكراوە، چونكە زیاد لە 200 پەرلەمانتاری خولی ئێستا دووبارە خۆیان بۆ خولێكی دیكەی پەرلەمان هەڵبژاردووەتەوە و سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەمە وایكردووە كە نەیانپەرژێتە سەر كۆبوونەوەی پەرلەمان و هەروەها چاودێریكردنی كارەكانی حكومەت و دروستكردنی فشار لەسەر حكومەت بۆ ڕێگریكردن لە ناردنی 200 ملیار دینار لەدەرەوەی یاسای بودجە”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “بەهۆی ئەوەی لە مانگی پێشوو كە 200 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كرا هیچ فشارێك لەسەر حكومەتەكەی ( مستەفا كازمی) دروست نەبوو ئەوا بۆ ئەم مانگەش بەهەمان شێوەی مانگی پێشوو ئەو بڕە پارەیە رەوانە دەكرێت، چونكە ئەگەر فشاری پەرلەمانی نەبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە ناردنی ئەو 200 ملیار دینارە بەردەوامی دەبێت بۆ مانگەكانی داهاتووتریش”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: “بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا بەم شێوازە حكومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەك ڕادەستی بەغدا ناكات و ئەو داهاتەشی كە لە فرۆشتنی نەوت و خاڵە سنورییەكان و داهاتی ناوخۆ دەستی دەكەوێت هەربۆخی دەمێنێتەوە، بۆیە بەردەوامیدان بەم شێوازە ناردنی پارە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی 200 ملیار دینارە لە بەرژەوەندی و سودی هەریمی كوردستاندایە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this