“هاتنی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم دەبێتە هۆی نەمانی قاچاخچێتی”

0
409

 

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای ئەوەی بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەۆكی حكومەت ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ڕەوانەی مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان كرا بۆ زیاتر توندوتۆڵكردنەوەی مەرزەكان و ڕێگریكردن لە كای قاچاخچێتی، بەرپرسێكی مەرزی باشماخ باس لە ئیش وكارەكان و گرنگی هاتنی ئەو هێزە دەكات و دەڵێت “ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم هۆكارێكی باش دەبن بۆ نەمانی كاری قاچاخچێتی”.

ئیسماعیل عەلی ئاغا، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە SNNی ڕاگەیاند: “هاتنی هێزەکە بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی زیاتر توندوتۆڵكردنەوەی كاروبارەكانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و ئەو مەرزانەشی كە ئەو هێزانەیان بۆ ڕەوانەدەكریت، بۆیە لە ئێستادا ئەو هێزانەی ئاسایش گەیشتوونەتە مەرزی باشماخ و ئێمەش لە ئیدارەی مەرزی باشماخ بەهەموو شێوەیەك هاوكار و هەمانگیان دەبین بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “كاری سەرەكی ئەو هێزانە بۆ چاودێریكردنی جموجوڵی بازرگانییە لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و ڕێگەنەدان بە هاوردەكردنی كاڵاو شمەكی قەدەغەكراو، هەروەك ڕێگریش دەكەن لە ئەنجامدانی هەر كارێكی نایاسایی لە مەرزەكەدا بۆیە ئەمە كارێكی زۆر باشە بە ئاراستەی زیاتر گەشەكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان و كۆتایی هێنان بە هەر كارێكی قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكان”.

ئەو بەرپرسەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ جەختی لەوەشكردەوە: “هاتنی ئەو هێزانە بۆ ماوەیەكی دیاری نەكراوە تا ئەوكاتەی پێویست بێت ئەو هێزانەی ئاسایش دەمێننەوە و بە شەو بە ڕۆژ چاودێری كاروبارەكانی هاوردە و هەناردەكردنی كاڵاو شمەك دەكەن وەک ئیدارەی مەرزەكەش هاوكاریان دەبین لە دابینكردنی پێداوستیەكانی ڕۆژانەیان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this