لایەنی سکاڵاکار: فەرمانی دەستگیرکردنی رێبوار جاف هەڵنەوەشاوەتەوە; کەیسەکە بەلاڕێدا دەبرێت

0
461

SNN

رۆکان سیروان پارێزەری سکاڵاکار رایگەیاند: دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی سکاڵاکانی سەر رێبوار جاف بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی، ناڕاست و چەواشەکارییە و ئێستا خەڵکانێکی زۆر دەیانەوێت سکاڵای لەسەر تۆماربکەن.

ئەو پارێزەرە بە SNNی وت: “رێبوار جاف لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک وتبووی گوایە ئەمڕۆ پارێزەرەکەی چۆتە بەردەم دادگا و بەڵگەی پێشکەش کردووە و  دادگا بڕیاری دەستگیرکردنەکەی هەڵوەشاندۆتەوە و چاوپۆشی لێکردووە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین پاش بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت ئەو هەواڵە سەرلەبەری ناڕاستە و تەنها هەواڵێکە بۆ چەواشەکردن و بە لاڕێدابردنی ڕای گشتی”.

ئاماژەی بەوەشدا: “ئەو دەنگۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو سکاڵا زۆرەیە کە ئێمە و کەسانی دیکە ئامادەین لەسەر رێبوار جاف تۆماری بکەین لە بەرامبەر  ئەو تاوان و دەستدرێژییانەی ناوبراو ئەنجامیداوە لە ڕابردوودا چونکە لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر دەیانەوێت سکاڵای لە دژ تۆماربکەن و پەردە لەسەر تاوانەکانی هەڵبدەنەوە”.

ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد: “کاتێک کەسێک تۆمەتبار بێت و بڕیاری دەستگیرکردنی هەبێت ناکرێت هیچ داواکارییەکی پارێزەرەکەشی وەربگیرێت تاوەکو تۆمەتبارەکە خۆی ڕادەست نەکات بە پێچەوانەوە کاتێک پارێزەر بەدواداچوون بکات لە کاتێکدا تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراوە، ئەوە دادەنرێت بە تاوانی پەنادان و شاردنەوەی تۆمەتباری هەڵاتوو لە عەدالەت و یاسا، و دەبێت پارێزەرەکەشی بگیرێت و تۆمەتبارە بەپێی مادەی (٢٧٣) لە یاسای سزادانی عێراقی”.

ئەوەشی ئاشکراکرد: “دەرکەوتووە کە تا ئێستا ڕێبوار جاف بڕیاری دەستگیرکردنی هەیە بەپێی مادەی (٤٢١) لەسەر فڕاندنی خەڵک و ئەشکەنجەدانیان و پێویستە بە زوترین کات خۆی ڕادەستی دادگا و پۆلیس بکات، بە پێچەوانەوە بچێتە هەر شوێنێک و لە ماڵی هەر کەسێک بمێنێتەوە ئەو کەسەش دەبێتە تۆمەتبار و فەرمانی گرتنی بۆ دەردەچێت. بۆیە چیتر ڕای گشتی چەواشە مەکەن و ڕێز لە سەروەری یاسا بگرن”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this