بۆ چارەسەری کێشەی کەمئاوی هەولێر لیژنە پێکهێندرا

0
161
هەولێر

SNN

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار درا بە دابینكردنی بڕی ملیارێك و 250 ملیۆن دیناری دیكە وەك قۆناغی دووەم بۆ ڕووبەرووبوونەوەی گرفتی كەمئاوی و وشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان، لە شاری هەولێریش چەندین لیژنەی هاوبەش و مەیدانی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی پێكهێنراون .

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان وەك قۆناغی دووەم بڕیاریدا بە دابینكردنی بڕی ملیارێك و 250 ملیۆن دینار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو و تەركیزخستنە سەر ئەو شوێنانەی كە گرفتی كەمئاویان هەیە بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بكرێن.

سەبارەت بە چارەسەركردنی گرفتی كەمئاویش لە شاری هەولێر، ئەندازیار ئاری ئەحمەد رایگەیاند: بۆ ئەو مەبەستە لە شاری هەولێر سێ لیژنەی هاوبەش و مەیدانی پێكهێنراون، لیژنەیەكیان بۆ بەدواداچوونی بەهەدەردانی ئاوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ گرفتەكانی دابینكردنی ئاو دەكات كە بەهۆی بەفیڕۆدانی ئاوەوە دروست دەبێت، وەك شووشتنگەكان و باخچە نایاساییەكانی پێش دەرگەی ماڵان و شێوازەكانی دیكەی بەفیرۆدانی ئاو. هەروەها لیژنەیەكی دیكەیان لە هەر شەش شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو دروستكراوە بۆ ئەوەی هەر هاووڵاتییەك گرفتی ئاوی هەبێت و پێویست بە تانكەر بكات، تەنیا سەردانێكی نزیكترین شارەوانی خۆی بكات و لە رێگەی تانكەرەوە ئاوی بۆ دابین دەكرێت، هەروەها لیژنەیەكی مەیدانیش بۆ سەرپەرشتیكردنی لێدانی بیر و دابینكردنی بودجە بۆ چاككردنەوەی بیرەكان پێكهێنراوە بۆ ئەوەی كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر چارەسەر بكرێت.

هاوكات بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژە بە زیادكردنی سولفەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتییەكان دەكات و لەمبارەیەوە دەڵێ: بڕیارە بۆ مانگەكانی 7 و 8 و 9 و 10 سولفەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتییەكان بكرێتەوە 100% بۆ ئەوەی رووبەڕووی كێشەكان ببنەوە و بتوانن گرفتەكانی هاووڵاتییان چارەسەر بكەن و تەواوی دامودەزگاكانی حكوومەتیش پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو دەبن بۆ ئەوەی هەر ئیمكانیەتێكیان لە تانكەر و ئالیەتیان هەبێت لە كاتی پێویستدا كاری پێویست ئەنجام بدەن و تانكەرەكان لە خزمەت هاووڵاتییاندا بن بۆ دابینكردنی ئاو، هەروەها فەرمان لایەنی وەزارەتی كارەباش كراوە كە دەرخستەیەك پێشكەش بكەن بۆ سەرفكردنی پارە بە مەبەستی ئەوەی تەواوی بیرەكانی شاری هەولێر كارەبای بەردەوامیان هەبێت و بە فیدەرێكی بەردەوامەوە ببەسترێتەوە كە ئەمەش كاریگەری ئەرێیی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی دابینكردنی ئاو لە شاری هەولێر دەبێت.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this