دوو كۆمپانیای ناوخۆیی ئاردی سفر بەرهەم دەهێنن و نرخی ئاردیش دادەبەزێت

0
404

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەشێك لە نانەواخانەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر نرخی نانیان لە هەشت نانەوە كرد بە شەش نان، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات دوو كۆمپانیای ناوخۆیی گەنمی بازرگانی لە دەرەوە دەهێنن و بەمنزیكانە دەست دەكەن بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر، نرخی ئاردیش هەرزان دەبێت. 

سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، بە SNNی ڕاگەیاند: ڕاستە لە ئێستادا نرخی ئارد و و سوتەمەنی و چەند پێداویستییەكی دیكەی نانەواخانەكان بەرزبووەتەوە ئەمە وایكردووە كە نانەواکانیش بریاری  گرانكردنی نرخی نان بدەن، بەڵام  هێشتا بەشێكی زۆری نانەواخانەكان نانیان گران نەكردووە، ئەوانەشی گرانیان كردووە پسوولەی سەرپێچییان بۆ كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ چارەسەركردنی كێشەی گرانی ئاردی سفر كە لە وڵاتی توركیاوە هاوردە دەكرێت، لە ئێستادا دوو كۆمپانیای ناوخۆی كە یەكێكیان لە سلێمانی و ئەویدیكەشیان لە هەولێرە گەنمی بازرگانی لە دەرەوە هاوردە دەكەن و لە ماوەیەكی نزیكدا دەستدەكەن بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر، هاوكات ئەو بڕە ئاردەشی كە پێشتر بەرهەمیان هێناوە بخەنە بازاڕەوە بە دڵنیایی كاریگەریی باشی دەبێت بۆ سەر دابەزاندنی نرخی ئارد و نانەواخانەكانیش دەتوانن وەك پێشتر بەردەوام بن.

وتەكانی بەڕێوەبەری چاودیری بازرگانی سلێمانی لە كاتێكدایە كە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و سوتەمەنی بووەتە هۆی ئەوەی نانەواخانەكانیش نەتوانن وەك ڕابردوو هەشت نان بدەن بە هەزار، بۆیە ئەمڕۆ بەشێك لە نانەواخانەكان بڕیاریاندا كە شەش نان بە هەزار دینار بفرۆشن بە هاووڵاتیان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this