قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی کۆبووەوە

0
256

SNN

قوباد تاڵەبانی داوا لە بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان دەکات؛ پێکەوە کار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستان بکەن لەپێناو بەدیهێنانی خواست و مافەکانی گەلی کوردستان و خزمە‌تی ھاووڵاتییان بكە‌ن.

قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئەمڕۆ 28ی ئابی 2021 لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومی یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و ئاسۆ رەحیم و دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر و کاندیدەکانی سلێمانی هاوپەیمانی کوردستان، باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی کرد و ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی بانگەشە و ئەرکی بەرپرسانی حکومی خستەڕوو.

لەکۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری دا و جەختی کردەوە خواستەکانی هاوڵاتیان بە ئێمەی یەکێتی و گۆڕان دێنەدی، بۆیە دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا داوای لە بەرپرسانی حکومی کرد، سەرەڕای ئەرکەکانیان لە کاری حکومی کە خزمەتکردنی هاوڵاتییانە، هاوکار بن لەگەڵ ئێمە و کاندیدەکان و کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی هاوپەیمانی کوردستان. وتیشی:” بەشێکی زۆری گرفت و کەموکوڕییەکانی هەرێمی کوردستان، چارەسەر کردنیان لە بەغدایە، بەتایبەت پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران”.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند ” ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگداین و ئەم هاوپەیمانێتیەش دواین خەون و رۆئیای خوالێخۆشبووان مام جەلال و کاک نەوشیروانە،  بۆیە دەبێت هەمووان هەوڵی سەرخستنی بدەین و ئەو خەونە گەورەیەش بەدی بهێنین.”

لەکۆتایی قسەکانیشیدا، جەختی کردەوە کە دەبێت کار بکەین لەسەر بەشداریکردنی زۆرترین دەنگدەر لەو هەڵبژاردنەدا، وتیشی یەکگرتوویی یەکێتی و گۆڕان لێرە و لە بەغدا کاریگەری دەبێت لەسەر باشتر خزمەتکردن و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

دواتر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، وێڕای پشتگیریکردن لە وتەکانی قوباد تاڵەبانی، جەختی کردەوە کە دەبێت پێکەوە کار بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان بکەین و ئەو ئەرکەش لەسەر گۆڕان و یەکێتییە و خواستی هاوڵاتیانیش بە کار و بەرنامەی هاوپەیمانی کوردستان بەدی دێت.

هەروەها، ئاماژەیەی بە گەڕەکە هەژارنشینەکان دا و داوای کرد بەرپرسانی حکومی هەوڵ بدەن خزمەتێکی زیاتر بە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە بکەن کە خزمەتکردنی خەڵک هەژار و کەم داهات ئامانجی هاوپەیمانی کوردستانە.

دواتر ئاسۆ رەحیم، ئاماژەی بە گرنگی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕاندا لەم هەڵبژاردنەدا و رایگەیاند ” خەڵکی کوردستان داوای خزمەتکردنمان لێ دەکەن و ئێمە لەبەردەم ئەو تەحەدایە داین وەک هاوپەیمانی کوردستان، بۆیە هەروەک چۆن دەبێت بە یەکگرتووییمان لە بەغدا چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکەین، ئاواش دەبێت لێرە لەڕێی نوێنەرانمان لە حکومەت خزمەتی زیاتر بە هاوڵاتیان بکەین”.

دواتر دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە وردی باسی لە گرنگی سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستانی کرد  و جەختی کردەوە؛ کە دەبێت نوێنەرانی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت وێنە و ئاوێنەی ئەو دوو حزبە بن لە بەردەم هاوڵاتییاندا و جێبەجێکاری پلان و بەرنامەی یەکێتی و گۆڕان بن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، وتیشی خەڵکی ئێمە خاوەن ئیرادەن و مافی خۆیانە داوای خزمەتمان لێ بکەن و ئەوەشیان لێ ڕادەبینین کە لەگەڵمان بن لەم هەڵبژاردنەدا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this