پەیامی هەریەک لە وڵاتانی لوتکەی عەرەبی بۆ عێراق

0
252

SNN

ئەمڕۆ لوتکەی عەرەبی لە بەغدای پایتەخت سەرۆک و وەزیری دەرەوەی 12 وڵاتی کۆکردەوە، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە کرا و هەریەک لە وڵاتانیش پەیامیان بۆ عێراق هەبوو.

فەڕەنسا

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆبوونەوەی لوتکە وتی: “فەرەنسا بە بە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی وڵاتەکە، پاڵپشتی عێراق دەکات و پرۆژەی گەورەی هەیە لە عێراقدا، کە لەو جۆرە پرۆژانەن کە عێراق پێویستی پێیەتی، هاوکات بانگەشەی عێراق بۆ ئەنجامدانی وەها کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە مانای سەرکەوتنی عێراق دێت و ئێمەش بەردەوام دەبین لە پشتیوانی و پارێزگاری لە سەربەخۆیی خاکی عێراق”.

ماکرۆن وتیشی، “کۆبوونەوەی بەغدا بە مانای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم وڵاتانە دێت کە بەشدارن، جەختیشی کردەوە کە “پاریس و بەغدا پەیوەندییەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش لە ناوچەکەدا”.

ئوردن

شا عەبدوڵا پادشای ئوردن رایگەیاند: “پشتیوانیکردنی عێراق لە کارە لەپێشینەییەکانی ئوردن و حکومەتەکەیەتی، پێویستیشە وەبەرهێنان لە ئابووری عێراقدا بکرێت”.

کوەیت

سەباح خالید سەرۆکوەزیرانی کوەیت لە لوتکەکەدا رایگەیاند: “پێویستە پشتیوانی لە سەروەری عێراق بکەین بەڵام نابێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بکەین”.

سعودیە

فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ عێراق و سەروەریەکەی دووپاتکردەوە و دەستوەردانی دەرەکی لە عێراق رەتکردەوە، وتیشی: دەستی دەرەکی لە هەوڵدایە ئارامی عێراق تێکبدات و ناسەقامگیری بکات.

ئاماژەشی بەوەکرد: سعودیە پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکات کە چەک لە دەستی دەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی حکومەتدابێت و کۆنتڕۆڵبکرێت.

ئیمارات

وەزیری وزەی ئیمارات کە نوێنەرایەتی شاندنی وڵاتەکەی لە لوتکەکەدا دەکرد ئاماژەی بەوەکرد: “لوتکەی بەغدا دەستپێشخەرییەکی بوێرانەیە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و دۆستایەتی ناوچەکە”.

وتیشی: “ئیمارات جەخت لە پشتیوانیکردنی عێراق دەکاتەوە و لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەبێت بۆ هەر هەنگاوێک کە لە بەرژەوەندی گەلەکەیدە دەینێت، ئیمارات پێشیوایە کە عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر هۆکارە بۆ بوونی ئاشتی لە ناوچەکەدا”.

ئێران

حوسێن عەبدولەهیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: “ئێران پشتگیری لە سەقامگیری و یەکێتی خاکی عێراق دەکات”، وتیشی: “لەگەڵ ئەوەی کە عێراق رۆڵێکی گرنگی لە ناوچەکەدا گێڕاوە، زیانێکی زۆریشی بەهۆی تیرۆرەوە پێگەیشتووە”.

تورکیا

مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: “تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیری عێراق، گرنگیشە بۆی کە عێراق هەنگاویناوە بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران، بوونی کاغەزێکی سپیش هەنگاوێکی گرنگە بۆ چاکسازی ئابووری وڵاتەکە”.

چاوشئۆغلو جەختی لەوەکردەوە کە بەبێ ئارامی و ئاسایش، ئابووری عێراق بەرەوپێش ناچێت”.

لە درێژەی قسەکانیدا چاوشئۆغلو باسی لە پەکەکە کرد و وتی: تورکیا بوونی پەکەکە لە عێراق قبوڵناکات چونکە رێکخراوێکی تیرۆرستییە و هەڕەشەیە بۆ سەقامگیری عێراق، هاوکات تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکانی بۆ بەهێزکردنی دام و دەزگاکانی عێراق و بەغدا بە گرنگترین ناوەندی شارستانی دادەنرێت.

میسر

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر رایگەیاند: “میسر هێرشەکانی سەر خاکی عێراق ئیدانەدەکات و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکانی بۆ حکومەتەکەی کازمی لەپێناو سەقامگیری وڵاتەکەدا”، سیسی وتیشی: “لوتکەی عەرەبی لە بەغدا دەرفەتێکە بۆ راوێژکردن و هەماهەنگیکردن لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و میسریش خوازیارە عێراق سوود لە ئەزموونەکانی میسر وەربگرێت و پێکەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن”.

قەتەر

تەمیم بن حەماد ئەمیری قەتەر رایگەیاند: گرنگترین هەنگاو بەرەو سەقامگیری کۆتایی هێنانە بە چەکی نایاسایی، لە ئێستادا عێراق درک بە خاڵە بەهێزەکانی خۆی دەکات، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ متمانەی بە وڵات و گەلەکەی هەبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this