وەزارەتی خوێندنی باڵا کورسییە بەتاڵەکانی خوێندنی دبلۆمی باڵا پڕدەکاتەوە

0
296

SNN

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت “بەبێ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان ئەستەمە بتوانین  ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم جێگا بکەینەوە”. 

ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتی 18/5/2020 بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەی ژمارە (7)ى ئەنجومەنی وەزارەت بە ئامادەبونی بریکارى وەزارەت و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن بەڕێوەچو.

لەڕاگەیەنراوێکدا دوای کۆبوونەوەکە وەزارەتی ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە ” ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریداوە بەپڕکردنەوەی سەرجەم کورسییە بەتاڵەکانی خوێندنی دبلۆمی باڵا.

 

دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا:

 

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا پرسی پێشکەشکارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرای چارەسەر کرد

 

ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتی (18/5/2020) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەی ژمارە (7)ى ئەنجومەنی وەزارەت بە ئامادەبونی بریکارى وەزارەت و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن بەڕێوەچو.

 

لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بۆ ڕەوشى ئێستای  بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناو ڕێککارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتى تەندروستى و دامەزراوەکانى دیکەى حکومەتى هەرێمى بۆ رێگریگریکردن لە بڵاوبونەوەی پەتاکە خستەڕو، بۆ ئەمەش سوپاسى هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى کرد بۆ ڕێککارەکان و دەستخۆشیشى لە زانکۆ و دامەزراوەکانى وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد بۆ هەوڵ و کارەکانیان و پاڵپشتى دامودەزگاکانى ترى تەندروستى بۆ ڕوبەڕوبونەوەى پەتاى کۆڕۆنا.

 

لە تەوەرى یەکەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، پرسی پلانی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (2020-2021) و لێکەوتەکانى و ژمارەی دەرچوانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و بژاردەو ئەگەرەکانی بەردەم وەزارەت و زانکۆکان گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، لە ڕاپۆرتێکدا بە داتاو ئامار وردەکارى پلانى وەرگرتن و تواناى زانکۆکانى بۆ ساڵى خوێندنى (2020-2021) خستەڕو، بە پێی ئاماژە سەرەتاییەکان پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) زیاتر لە (90،000) دەرچوی ئامادەیی داواکاری بۆ زانکۆکانی کوردستان پیشکەش بکەن، کە ئەم ژمارەیەش لە سەروی توانای وەرگرتنی زانکۆکانە هەر بۆیە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری دا بە مەبەستی بەرچاوڕونی ڕاپۆرتێکی وردو زانستی دەربارەی کێشەو ئاڵنگارییەکانی بەردەم زانکۆکانی کوردستان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەت ئەنجومەنی وەزارەت جەختی کردەوە کە بەبێ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان ئەستەمە بتوانین  ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم جێگا بکەینەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزارەت لە ژێر ڕۆشنای دوا ئامار و تەشەنەکردنی پەتای کۆڤید -19 تاوتوێى پرسی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی (2019-2020)ی کردو لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا سەرجەم زانکۆ (حکومی و تایبەتەکان) بەپێی تایبەتمەندیان ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم بە مەرجێک لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا تاقیکردنەوەکان تەواو بکرێت.

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پرسی پێشکەشکارانی  خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بە وردی تاوتوێ کراو بە لەبەرچاوگرتنی توانای زانکۆکان و پاراستنی کواڵیتی پرۆسەی خوێندن، ئەنجومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەندکرد:

 

ا. پڕکردنەوەی سەرجەم کورسیە بەتاڵەکانی خوێندنی دبلۆمی باڵا.

 

ب. چارەسەرکردنی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەرچون و بەهۆی کەمی یان نەبونی کورسییەوە وەرنەگیرابوون.

 

ج. لە چوارچێوەی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی سەرکەوتوو نەبون، بڕیاردرا بە پڕکردنەوەی هەمو کورسییە بەتاڵەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ڕێگای میکانیزمی زانستی گونجاو و ڕەچاوکردنی ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ پیشکەشکاران.

 

بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنمایی پێویست لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەردەکرێن و دەسەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ جێبەجێکردنی، هاوکات کۆبونەوە جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارانە لە دوای تەواوکردنی پرۆسەی پەڵپ و سکاڵاکان و پەسەندکردن و ڕاگەیاندنی  ئەنجامی کۆتایی وەرگیراوان، دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this