قوباد تاڵەبانی بۆ کاندیدەکان: دەبێت لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بن

0
392

SNN

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرجەم کاندیدانی ھاوپەیمانی کوردستان کۆبووەوە و پێی راگەیاندن، خەڵکی کوردستان داواکاری رەوای ھەیە و پێویستە دوای سەرکەوتنتان بەجۆریک کار بکەن کە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بن و دەبێت بەیەکەوە کار بۆ زامنکردنی مووچە و سەقامگیری و خزمەتگوزاری بکەن.

قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢ی٩ لە بینای ھاوپەیمانی کوردستان  لە سلێمانی، بە ئامادەبوونی دەرباز محەممەد رێگەپێدراوی رەسمی ھاوپەیمانی کوردستان و ئاسۆ مامەند و یاسین حەمە عەلی بەرپرسانی ھەڵبژاردنی ھاوبەشی ھاوپەیمانی کوردستان، لەگەڵ سەرجەم کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان کۆبوونەوە و باس لە ئامادەکارییەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن و ئەرکی سەرشانی کاندیدەکان کرا.

قوباد تاڵەبانی بەکاندیدەکانی راگەیاند، لەبەردەم تەحەددایەکی گەورەن لەم قۆناغە و لە قۆناغی دوای ھەڵمەتی ھەڵبژاردنیش، خەڵکی کوردستان داوای خزمەتگوزاری و سەقامگیری و مووچەو بودجە دەکەن، کە ئەمانە داواکاری ڕەوان، بۆیە دەبێت ھەوڵی ئێمە لەسەر بنەمای ویستی خەڵک بێت و لە ئاستی چاوەڕوانییان بین بەدابینکردنی داواکارییەکانیان.

لەبارەی گرنگی ھاوپەیمانی کوردستان، وتی، ئەم ھاوپەیمانییەتییە ھەوڵێکی جددیە بۆ بەدیھێنانی خەونی خوالێخۆشبووان مام جەلال و کاک نەوشیروان ئەو خەونەش ئامانجی گەورەی ھەیە بۆیە دەبێت بیسەلمێنین و کار بۆ بەجێھێنانی درووشمە سەرەکییەکەمان بکەین کە (بەیەکەوە بەھێزترین) .”

ھەروەھا وتی ” دەبێت پێکەوە؛ یەکێتی و گۆڕان و کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەین کە زۆرترین کاندید بنێرینە بەغداد لە پێناو بەدی ھێنانی ماف و خواستی ھاوڵاتییان چونکە ئێمە دەتوانین لە بەغداد بەیەک دەنگی کار بۆ بەدیھێنانی ئەو داواکارییانە بکەین”.

ئینجا دەرباز محەممەد قسەی بۆ کاندیدەکان کرد و ئاماژەی بەچۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەم ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنە و کارکردن بۆ ئەوەی  زۆرترین کاندیدی ھاوپەیمانی کوردستان بڕواتە بەغداد و کار لەسەر بەدیھێنانی خواستی خەڵک و باشتر کردنی بژێوی ھاوڵاتییان بکەین کە ئەوەش پلانی سەرەکی ھاوپەیمانی کوردستان-ە لەژێر چەتری یەکێتی و گۆڕان.

دواتر ئاسۆ مامەند و یاسین حەمە عەلی بەرچاوڕوونییان دایە کاندیدەکان سەبارەت بە چۆنییەتی کارکردن لە ھەڵمەتی بانگەشە و داوایان کرد ئەو نەخشە ڕێیەی داڕێژراوە بۆ ئەم ھەڵمەتە پابەند  بن پێوەی لەپێناو سەرکەوتن و سەرخستنی زۆرترین کاندید.

لەکۆتاییدا کاندیدانی ھاوپەیمانی کوردستان سەرنج و تێبینی و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو و بەرچاوروونی زیاتر درا لەسەر قۆناغی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this