سلێمانی.. بۆ ئەم مانگە ڕێگە بەهاوردەكردنی 800 تۆن ماسی و گۆشتی سوور دەدرێت

0
443
گۆشتفرۆشێك له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ | فۆتۆ: SNN

SNN- عەلی حەمە سەعید

لە پێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی نرخی گۆشت و ماسی لە بازاڕەكاندا و بە مەبەستی ڕێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و ماسی، لایەنە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی بڕیاریانداوە كە تەنها بۆ ئەم مانگە بڕی 200 تۆن گۆشتی سوور و 600 تۆن ماسیش هاوردەی سنوری پارێزگاکە بكرێت، سەرۆكی كێڵگە پەرەلەوەرییەكانی سلیمانی و هەڵەبجەش دەڵێت هاوردەكردنی مریشك و هێلكە بە قەدەغەكراوی دەمێنێتەوە.

نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بە SNNی ڕاگەیاند: مانگانە بە گوێرەی پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و خواست لەسەر بەروبوومەكان لیژنە تایبەتمەندەكانی قایمقامێتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبوونەوەی تایبەت دەكەن، ئەوەش لە پێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی نرخ و ڕێگریكردن لە بەرز بوونەوەی نرخ لە لایەك و لەلایەكی دیكەشەوە سنورداركردنی ئەو كاڵاو خۆراكانەی كە لە ناوخۆی هەرێمیش بەرهەم دەهێندرێن بەتایبەت بەرهەمی گۆشت و ماسی و مریشك و هێلكە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئەم مانگەش لیژنەی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ قایمقامی سلێمانی كۆبووینەتەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت، بە لە بەرچاوگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكراو، بۆیە بڕیاردراوە بۆ ئەم مانگە رێگە بە هاوردەكردنی 600 تۆن ماسی و بڕی 200 تۆن گۆشتی سور هاوردەی سلێمانی بكرێت.

سەرۆكی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان ئەوەشی ڕوونكردەوە، هەر لەم مانگەدا بڕیاردراوە كە پێنج هەزار سەر ئاژەڵی زیندوو هاوردە بكرێت بۆ ئەوەی كەموكورتیەكان و خواستی بەكارهێنەرەكان و پێداویستی بازاڕ پڕبكاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كیڵگە ناوخۆییەكان پێداویستی هێلكە و مریشك پڕدەكەنەوە بۆیە بڕیار دراوە هاوردەكردنی مریشك و هێلكە بەقەدەغەكراوی بمێنێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this