بەهۆی هێمنی شاری سلێمانی هاتنی گەشتیار زیادیكردووە

0
219

SNN-عەلی حەمە سەعید
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات تەنها لەماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاد لە 750 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سنوری پارێزگای سلێمانی كردووە داهاتی هاتنی گەشتیارانیش زیاد لە 150 ملیۆن دۆلار بووە، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیارانیش پەیوەندی بەو هێمنی و ئارامییەوە هەیە كە باڵی بەسەر سلێمانیدا كێشاوە.

ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: لەمساڵدا هاتنی گەشتیار لەڕێگەی فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییەكان و پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی لە ئاستێكی زۆر باشدا بوو، بە جۆرێك تەنها لەماوەی هەشت مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا زیاد لە  750 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە گوێرەی ئامارەكانی بەردەستمان زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی كە هاتوونەتە سلێمانی لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون، هاوكات بەشێكیشیان لە وڵاتی ئێران و ژمارەیەكیشیان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانی و لە وڵاتانی دیكەی جیهانەوە هاتوونەتە سنورەكە، بۆیە ئێمە وامان داناوە كە ئەگەر هەر گەشتیارێك بڕی 200 دۆلاری خەرج كردبێت كە دڵنیاین لەوە زیاتری خەرجكردووە ئەوا داهاتی گەشتیاری لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا دەگاتە 150 ملیۆن دۆلار، ئەوە داهاتەش سەرجەمی چووەتە گیرفانی خاوەن هۆتێل و مۆڵ و شوێنە گەشتیارییەكان دواجار خەڵكی ئەم سنورە سودیان لێوەرگرتووە.

وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوەشی روونكردەوە، یەكێك لە هۆكارەكانی هاتنی ئەو گەشتیارە زۆرە بۆ سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سلێمانی شارێكی هێمن و ئارام و دوور لە هەر توندوتیژییەكە، هەر ئمەش وایكردووە كە لەزۆربەی بۆنەكاندا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زۆرترین گەشتیار ڕوو لەم پارێزگایە بكات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this