حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەڵامی هۆشدارییەکی پاسداران دەدەنەوە

0
248

SNN

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر هەڕەشەکانی  ئێران داوای لە هەموو لایەنێک کرد سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئێران دابنێن و بە هەڵوێست و کردەوەی خۆیان لە بەرانبەر ئەو هەوڵە تێکدەرانەیەی ئێراندا بوەستنەوە، وتیشی: “ئێران بوونی ئێمەی کردووەتە پاساو بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و دەستوەردان کردن”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بە گوێرەی ئاگادارییەک کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە درێژەی کارنامەی ڕەشی پڕ لە تاوان و پەلاماردان و کاولکاریی خۆیدا، هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئەوانەوە دەکرێنە ئامانج و لێیان دەدرێت. لە کەس شاراوە نییە کە ئەو شوێنانەی ئێران هەڕەشەی لێدانیان دەکات، شوێنی ژیانی پەنابەرانی سیاسی و خەڵکی مەدەنی و لەوانە سەدان ژن و منداڵی پەنابەرە کە بەهۆی سیاسەتی مرۆڤکوژانە و سەرکوتکارانەی ئەو رژێمە ئازادیکوژە خاک و وڵاتی خۆیان بەجێ هێشتووە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە”.

دەشڵێت: “لە لایەکی دیکەشەوە بوونی خەباتکارانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان تەنیا بیانوویەکی پووچە بۆ کاولکاری و دەستێوەردانەکانی ڕێژیم و لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بۆ دژایەتیکردنی ماف و مەوجوودیەتی نەتەوەی کورد هیچ پێویستی بەوە نییە دژایەتیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە بیانوو، چوونکە هەموان دەزانن کێشەی ئەو ڕژیمە لەگەڵ سەقامگیری و تەناهی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستانە و لەو بوارانەشدا کە پێوەندییەکی ئەوتۆی بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە نەبووە، ئەو دوژمنکارییەی ئێران بەنیسبەت گەلی کوردەوە هەر بووە و لە داهاتووشدا هەر دەبێت”.

ئاماژەش بەوەدەکات: “دیارە ئەوە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنی سنوور و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشە لە گیان و ماڵ و سامانی خەڵکی مەدەنی و نانەوەی ئاژاوە و بشێوی لە ناوچەکەدا دەکات و ئەو ڕژێمە بە خولقاندنی کارەسات و کوشتن و تێرۆر و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی خووی گرتووە و شوناسی خۆی لەگەڵ قەیران و ناسەقامگیری گرێ داوە. ئەو هەڕەشانە لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەوپیری هەڵبژاردنێکی گشتی دەچن و هەموو هەوڵی بەرپرسانی سیاسی و لایەنە حیزبی و حکوومییەکانی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سیاسیی هەڵبژاردن لە عێراقدایە و ئەم هەڕەشەیەی ڕێژیمی ئێران دەکرێ بە هەوڵێکی دوژمنکارانە بۆ تێکدانی دۆخی سیاسیی ناوچەکە و شڵەقاندنی کەشی سیاسی بە مەبەستی ئاسانکردنی دەستێوەردانەکانی خۆی لێک بدرێتەوە”.

راشیگەیاندووە: “کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا تووشی دەیان قەیرانی چارهەڵنەگر بووە و لە ماوەی تەمەنیدا وا ڕاهاتووە کە بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەریی قەیرانێک، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت. هەربۆیە ئەمجارەش بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لە دۆخی سیاسیی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەمبەر تاوان و دەستدرێژییەکانی، پێی وایە بە چاوسوورکردنەوە لە خەڵکی مەدەنی و هەڕەشە لە ماڵ و حاڵی پەنابەرانی سیاسی، دەتوانێ کاریگەری لەسەر ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد و ڕێکخراوە خەباتکارەکانی دابنێت و بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی بگات. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نائاساییدا کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ماڵ و حاڵی خەڵک و هەر جۆرە تاوانێک دژ بە مرۆڤایەتی و زیانگەیاندنێک بە ژینگەی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێ و داوا لە بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، ئازادیخوازان، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کومەڵگای نێودەوڵەتی دەکات سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دابنێن و بە هەڵوێست و کردەوەی خۆیان، لە بەرانبەر ئەو هەوڵە تێکدەرانەیەی ڕێژیمی ئێراندا بوەستنەوە”.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ محەمەد پاکپور فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند: “هۆشداریمان داوەتە حکومەتی هەرێم و عێراق کە هێرشدەکەینەسەر ئەو هێزانەی کە لە دژی ئێران دەجەنگن و لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جموجوڵ دەکەن”.

 
محەمەد پاکپور وتی: “بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە جێگەی قبوڵکردن نییە و وەڵامی پێویستی ئەو هێز و گروپانە دەدەینەوە”.
 
پاکپور وتیشی: “پێشتر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراقمان ئاگادارکردووەتەوە لە جموجوڵی ئەو گروپە چەکدارییانە لە ناوچەکەدا کە چالاکی دژ بە ئێران ئەنجام دەدەن و زیانیان بە ئاسایشی ئێران گەیاندووە و بوونەتە ناڕەحەتی بۆ هاووڵاتییانی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان”.
 
ئاماژەی بەوەشکرد: “نابێت حکومەتی هەرێم و عێراق رێگەیان پێبدات کە ئەو هێزانە بنکە و بارەگا لە ناوچەکاندا بکەنەوە و هەڕەشەبن بۆ سەر ئاسایشی ئێران”.
وتیشی: “داوا لە خەڵکی ئەو ناوچانەی هەرێم دەکەین کە دووربکەونەوە لەو ناوچانەی کە هێزی نەیاری ئێرانی لێیە تا زیانیان پێنەگات”.
بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this