ئاری جەلال: سێ کۆچبەری خەڵکی هەرێم هێشتا دەستبەسەرن

0
186

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی زیاد لە 10 ڕۆژە 57 كۆچبەری كورد لە لایەن هێزەكانی جەندرمەی توركیاوە دەستگیركران و دیپۆرتی سوریا كرانەوە، بەهەوڵی نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت ئەمڕۆ تواندرا 54 كەس لەو كۆچبەرانە بگەڕێندرێنەوە بۆ خاكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دەزگای لوتكەش بۆ كاروباری پەنابەران دەڵێت بەهۆی ئەوەی سیان لەو كۆچبەرانە هەوڵیانداوە بە شێوەیەكی نایاسایی هەوڵی هەڵهاتن بدەن هێشتا دەستبەسەرن لە سوریا.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆكاروباری ئاوارەو پەنابەران بە SNNی ڕاگەیاند: هەر لەیەكەم ساتی دەستگیركردنی ئەو 57 كۆچبەرە كوردەی كە لە توركیا دەستگیركران و دواتر خۆیان بە سوری لە قەڵەمدا بوو لە لایەن توركیاوە دیپۆرتی سوریا كرانەوە، ئێمە لەدەزگای لوتكە بەهەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت و باڵیۆزی عێراق لە توركیا لەهەوڵی بەردەوامدا بووین بۆ ڕزگاركردنی ئەو كۆچبەرانە و گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەشكرد: خۆشبەختانە هەوڵەكانمان ئەنجامی خۆی بەدەستهێناو ئەمڕۆ توانیمان لە كۆی ئەو 57 كۆچبەرە 54 كۆچبەریان بە تەندروستییەكی باشەوە بگەرێنینەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین بوون و لەلایەن خزم و كەسوكاریانەوە پێشوازییان لێكرا.

سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆكاروباری ئاوارە و پەنابەران ئەوەشی خستەڕوو، هەرلە سەرەتای دەستگیركردنی ئەو كۆچبەرانەوە ئێمە لەسەر هێڵ بووین لەگەڵیاندا ئەوەمان پێڕاگەیاندوون كە دان بەخۆیاندا بگرن بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەكی یاسایی بیانگەڕێنینەوە، بەڵام بەداخەوە سیان لەو كۆچبەرانە هەوڵیاندا بوو كە بەشێوەیەكی نایاسایی خاكی سوریا بەرەو توركیا ببەزێنن و بۆ دوومجار لەلایەن پاسەوانی سنوری توركیا دەستگیربكرێنەوە، بۆیە ئێستا ئەو سێ‌ كۆچبەرە دەستبەسەرن، بەڵام ئێمە هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو سێ‌ كۆچبەرە كوردەش ئازاد بكرێن و بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this