بەشەخۆراكی ئەو كەسانە دەبڕدرێت کە مووچەیان لە ملیۆنێك و 500 هەزار زیاترە

0
410

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد كە هەرچەندە پێشتر بڕیاردرابوو ئەو كەسانەی مووچەی مانگانەیان لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینار زیاترە بەشەخۆراكی مانگانەیان ببڕدرێت، بەلام بەهۆی ئەو میكانیزمەی بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دانرابوو نەتواندرا جێبەجێبكرێت، لە ئێستا وەزارەتی بازرگانی عێراق لەڕێگەی سیستەمی تۆماركردنی (پێڵووی چاو) بەنیازی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەیە.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بەSNN ی ڕاگەیاند: پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیاردرابوو كە هەركەس مووچەی مانگانەی لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینار زیاتر بێت بەشە خۆراكی مانگانە( بایەعی) بەسەردا دابەشنەكرێت بەڵام فۆڕمی خۆراكی هەر دەمێنێت و فۆڕمەكەی هەڵدەپەسێردرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشت بە تۆماركردنی پەنجەمۆر بەسترا بوو نەتواندرا ئەو بڕیارە وەك خۆی جێبەجێ‌ بكرێت چونكە میكانیزمی جێبەجێكردنەكە سەركەوتوو نەبوو بەهۆی ئەوەی دەتواندرێت بە ئاسانی گۆڕانكاری لە پەنجەمۆردا بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە ئێستادا وەزارەتی بازرگانی عێراق سەرقاڵی بەگەڕخستنی سیستەمێكی نوێیە كە بە سیستەمی تۆماركردنی ( پێڵووی چاو) ناسراوە بۆ ئەوەی ئەو كەسانە جیا بكاتەوە كە مووچەی مانگانەیان لە سەرو ملیۆنێك و 500 هەزار دینارە بەشە خۆراكی مانگانەیان پێنەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند ناوچەیەكی بەغدا وەك ئەزمونی دەستیان بە كارەكە كردووە ئەگەر بزانن سەركەوتوو دەبن لە هەموو پارێزگاكانی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە هەمان میكانیزم جێبەجێدەكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، ئەوەشی خستەڕوو: لە ئێستادا بەشی دووەمی سەبەتەی خۆراكی گەیشتووەتە كۆگاكانمان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هاوشێوەی مانگی پێشوو دەستدەكەین بەدابەشكردنی لەڕێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە، وەزارەتی بازرگانی عێراقیش لەهەوڵدایە مادەكانی ناو بەشە خۆراكی هاووڵاتیان زیاتر بكات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this