قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بازنەکانی هەڵبژاردن لە هەولێر کۆبووەوە

0
127

SNN

قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی ئەیلول، بەئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و سەفین مەلا قەرە لەگەڵ بازنەکانی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان ئامادەی بوون، گفتۆکرا لەبارەی رێڕەوی بانگەشەی هەڵبژاردن و جەخت لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و پێشێلنەکردنی یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرایەوە. هەروەها باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی مەڕاسیمی ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان لە هەولێر کرا.

کۆبوونەوە جەختی کردەوە کە پێویستە پەیامەکانی هاوپەیمانی کوردستان زیاتر و باشتر بگەیەنرێن بە هاوڵاتییان لە پێناو بەرچاو روونی زیاتر کە هاوپەیمانی کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دەکات و لەتوانایدایە لەبەغداد رێککەوتن بکات بۆ زامنکردنی ماف و شایستەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لەبارەی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هاوپەیمانی لەبازنەکانی هەولێر قسەی کرد و پلانەکانی رۆژانی داهاتووی شیکردەوە بۆ ئامادەبووان.

دواتر سەفین مەلا قەرە ئاماژەی بە هەماهەنگی نێوان ئۆرگانەکانی یەکێتی و گۆڕان کرد کە لە ئاستێکی باشدایە و پێکەوەکار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی دەکەن.

قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان جەختی کردەوە کە؛ بەیەکەوە لەبەغداد بەهێزتر دەبین و دەتوانین هەموو ئەو پەیام و بەڵێنانەی کە بەهاوڵاتیانمان داوە بەدەستیان بهێنین بۆیە داواتان لێدەکەم زیاتر کار لەسەر گەیاندنی پەیامی هاوپەیمانی کوردستان بکەن کە لەپێناوی یەکڕیزی و زامنکردنی مووچەو خزمەتگوزاری باشتر و سەقامگیری.

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند دەبێ کاربکرێت تا تێکۆشەرانی یەکێتی و گۆڕان لەشارى هەولێر رۆڵی خۆیان ببینن لەهاندانی هاوڵاتیان بۆ بەشداریکردن لەپرۆسەى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ داکۆکی کردن لەمافە رەواکانی گەلى کوردستان.

قوباد تاڵەبانی وتیشی بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز لەهەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانەوەی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و یەکڕیزی نەتەوەکەمان دەنگ بدەن بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان.

کۆبوونەوەی بازنەکانی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی کوردستان لە هەولێر بەگفتوگۆى چڕ و پڕ و خستنەڕووى سەرنج و پێشنیازەکان بۆ سەرخستنی زیاترى کاروبارەکانی هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی، کۆتایی هات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this