قوباد تاڵەبانی: دەبێت هەوڵى زیاتر بدەین بۆ پاراستنی ژینگە

0
145

SNN

ئەمرۆ دووشەممە 27/9/2021، قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران بەشداری کرد لەدیدارى ژینگەیی سلێمانی کە لە زانکۆى سلێمانی سازکرابوو.

لەمیانی بەشداریکردنی لەپانێڵێکی ئەو دیدارەدا، قوباد تاڵەبانی پلان و بەرنامەى حکومەتى هەرێمی کوردستانی بۆ گرنگیدان بەژینگە ئاشکراکرد و رایگەیاند: دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت هەماهەنگی بکەن بۆ داڕشتنی پلانی ژینگەیی.

لەبارەى کێشە ژینگەییەکانی ناوچەى تانجەرۆوە لەسلێمانی، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران رایگەیاند: سەرچاوەى کێشەکە ئەوەیە کەهەموو خۆڵ و خاشاک و ئاوەڕۆی شارەکە لەوێ کۆدەبێتەوە کەئەمەش سێ بەرنامە بۆ چارەسەرکردنى هەیە، یەکێکیان بەرنامەى درێژخایەنە کەپێویستمان بەوێستگەى پاڵاوتنی ئاوەڕۆیە، کەهەوڵمانداوە جێبەجێ بکرێت، و پرۆژەیەکى ستراتیژییە بەهاوبەشى کەرتی تایبەت و حکومەت دەبێت، بەشى دووەم ریسایکڵینە کەکۆمپانیایەکی خۆماڵى ئەنجامی دەدات خۆشبەختانە لەم قۆناغەدا ٧٠٠ تۆن خاشاک ریسایکڵ دەکرێت، بەشى سێیەمیشی پەیوەندیی بەووردبینی و بەدواداچوونەوە هەیە کەبەرێوەبەرایەتى ژینگە دەتوانێ بەدواداچوون بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکات کەپاشماوە و خاشاکیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بەبوونی بەرنامەیەکی گشتگیرە بۆ هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتیان لەبارەى گرنگی پاراستنی ژینگەوە.

بەپێى ئامارێکی رێکخراوی گرین سپیس بۆساڵى 2019، شارى سلێمانی بەیەکێک لەپاکترینی شارەکانی عێراق دانراوە لەڕووى پاکی ژینگە و ئاووهەواکەیەوە، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کەچاوەڕێى لەوە زیاترین بۆ شارەکانمان، دەبێ هەوڵى زیاتر بدەین بۆ پاراستنی ژینگە و چارەسەرکردنی کۆبونەوەى خۆڵ و خاشاک و گرفتە ژینگەییەکانی تر.

جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران رایگەیاند: کارى دامەزراوە ئەکادیمی و بەرێوەبەرایەتیەکانی حکومەت و چالاکوانان و کۆمەڵگەى مەدەنی و رێکخراوەکانە کەهۆشیارى بدەنە سیاسیەکان و ڕاى گشتی بۆ گرنگیدان بەژینگە و پاراستنی، و کاربکەن بۆ دارشتنی پلانی نوێ.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: دام و دەزگاکانی حکومەت دەبێ پابەندبن بەرێنماییەکانى پاراستنی ژینگەوە، هاوکات کەرتی تایبەت دەبێ ئاشناى رێنماییەکان بێت و کاتێ بیر لەپرۆژە و وەبەرهێنان دەکەنەوە بیر لەلایەنی ژینگەیی و گونجاندنی پرۆژەکان بکەنەوە لەگەڵ پێودانگە ژینگەییەکان، تا بەهەموان بەشداربین لەپاراستنی پاک وخاوێنی شارەکەدا.

لەکۆتایی پانێڵەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران جەختی کردەوە کەفەرهەنگی پاراستنی ژینگە لەماڵەوە دەست پێ دەکات، دەبێ تاک رابهێنرێت لەسەر پاراستنی ژینگە و پاک و خاوێنی شار و ناوچەکەى خۆی، لەمەشدا حکومەت و کۆمەڵگەى مەدەنی و چالاکوانان و ناوەندی توێژینەوەکان بەهاوکارى میدیا دەتوانن پێکەوە کاربکەن تا ئەم کێشە ژینگەییانە چارەسەر بکرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this