سەعدی پیرە: ئەمجارە ھەوڵدان بۆ ساختەکاریی زۆر زەحمەتە

0
293
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

SNN

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەياند: لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراقدا هەوڵدان بۆ ساختەکاری زۆر زەحمەتە، لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقيش دەڵێت “تا ئەم چرکەساتەش پۆستی سەرکۆماری عێراق پشکی یەکێتییە و حەز دەکەين ئەو پۆستە لەلای ئێمە بمێنێتەوە”.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دوای پڕۆسەکە، لە لێدوانێکی بە ئاژانسی ئەنادۆڵیراگەياندووە: “راستە بەرەو دەنگدانی کۆتایی دەچین، لەراستیدا ھەڵمتێکی ھێمنانە بەڕێوەچوو، ھیوادارین کە لەدوای ھەڵبژاردنیش و دەرنەجامی ھەڵبژاردنیش بەیەکەوە دابنیشین و گفتوگۆ لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران و دۆخی کارکردن و بەرنامەی حکوومەت قسەی بکەین، چونکە ئێمە لە رابردوودا وەکو باقی عێراق کە خۆپێشاندانییان کرد لەسەر قراری موستەقیلی عێراقی، ئێمەیش دەبێت گفتوگۆ بکەین لەسەر تەمبەڵی لە خوولەکانی رابردووی پەرلەمانی عێراق لە جێبەجێنەکردنی ماددەکانی دەستووریی بەتایبەتی ماددەی ١٤٠ کە ئەمە یەکێکە لە بەربەستە ھەرە گرنگەکانی پێکەوە کاردکردن لە عێراق”.

لەبارەی هیمنی لە بەڕێوەچوونی بانگەشەی ئەمجارەدا سەعدی پیرە دەڵێت: “ھۆکارەکەی ئەوەیە ئەمجارەیان ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە کە لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانەی یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ھات، چونکە خۆپیشاندەران دەیانگوت ئێمە موالیین بۆ عێراق و بڕیارەکان لە عێراق نادرێت بەڵکو لە وڵاتانی دەوروبەری عێراق دەدرێت و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێڕاق ھەیە و ئەمەش وایکردووە کە عێراق وەکو پیاوێکی نەخۆش لەسەر مێزی چارەسەر بێت و تەنیا بە دەرمان لێناگەڕێن بمرێت و، ئێمە دەمانەوێت عێراق لە قەراغی ئەوەی پێی دەڵێن لا دەولە، رزگاری ببێت، بۆیەش ئەو ھەڵبژاردنە ئەنجام درا”.

سەعدی پیرە دەشڵێت: “لەم هەڵبژاردنەدا دوو رەگەزی نوێ ھاتە ناو پڕۆسەکە، رەگەزی یەکەم ئەوەیە کە کۆمیسیۆنی باڵای بێلایەن لە دادوەرەکان بوو نەک نوێنەری حزبەکان، دووەمیشیان عێراقی ١٨ بازنە، بووە ٨٣ بازنە و ئەمجارە ھەوڵدان بۆ ساختەکاریی زۆر زەحمەتە، ئەمەش پەیامێکە بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان چونکە قسەمان لەسەر ئەنجوومەنێکی نوێنەرانی نادروستە، بۆیەش ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە دەکەین، ئێمەی کوردستانیانیش بەلایکەمەوە ھەوڵدەدەین رووی شارستانیی ئەم بانگەشەی ھەڵبژاردنە نیشانی دونیا بدەین”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەربارەی پۆستی سەرکۆماری عێراق کە لە حەفتی نیسانی ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، سەعدی پیرە دەڵێت: “بۆ پۆستی سەرکۆمار لە عێراق یاسایەک نیە کە کام سەرۆکایەتیی بۆ کام لابێت، بەڵام بووە بە عورف کە پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ عەرەبی شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ عەرەبی سوننە بێت، ھەروەھا نەک کورد بەڵکو غەیرە کوردیش لاریی نییە کە سەرکۆمار بۆ کورد بێت، دوای ئەوەش کوردەکان دادەنیشن و سەیر دەکەین کە کێ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی ھەیە و، کێ پۆستی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی ھەیە، کێ جێگری سەرۆکوەزیران و کێ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ھەیە، لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆ دەکەین و پۆستی سەرکۆمار یەکلایی دەبێتەوە”.

سەعدی پیرە دەشڵێت: “تا ئەم کاتەش پۆستەکە ھی یەکێتیی نیشتمانییە و حەز دەکەین جارێکی دیکەیش بدرێتەوە بە ئێمە”.

لەبارەی کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆماری داهاتووی عێراق، سەعدی پیرە دەڵێت: “ئەمە پرسیارێکی قورسە، ئەو بابەتە دەبێت لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بازەکە لەسەری کێ نیشتەوە ئەو دەبێتە سەرکۆمار”.

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this