ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران: بەغدا داواکاری زۆر قورسی لە هەرێم هەیە

0
8591

هەوراز ئەحمەد-SNN

ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق چەند نهێنیەک ئاشکرا دەکات لەبارەی مامەڵەی لایەنە عێراقیەکان لەگەڵ کورد و رایدەگەیەنێت، بەغدا داواکارى زۆر قورسی لە هەرێم دەبێت کە خۆى لە ڕادەست کردنى نەوت و خاڵە سنوریەکان دەبینێتەوە.

یوسرا ڕەجەب، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە  SNNی ڕاگەیاند: “دۆخى عێراق لە رووى دارایەوە زۆر خراپە و ڕەنگە پەنا بباتە بەر قەرزى دەرەکى بۆ پڕکردنەوەى کورت هێنانى بودجە، چونکە لە ڕابردوودا پارەى باش لە عێراق هەبووە بەڵام نەزانراوە چۆن مامەڵەى لەگەڵ بکرێت و ئێستاش کە نەوت دابەزیوە و ڤایرۆسى کۆرۆنا هەیە دۆخى دارایى عێراقى ئاڵۆز بووە”.

وتیشى: “با خەڵکى کوردستان چاوەڕوانى شتى باش لە سەردەمى کازمى نەکەن، چونکە بەپێى زانیاریەکانى ئێمە، لە دواى پشووەکانى جەژن هێزە عێراقیەکان داواى ئەوە دەکەن دەبێت بەپێى دەستور مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت و دەبێت دەستوریش هەموار بکرێتەوە، ئەو کات پێدەچێت کورد زۆر شت لەدەست بدات کە دیارترینیان دەست بردنە بۆ ماددەى 140 و پێشبینى دەکەین هێزە کوردیەکان لەبەرامبەر چەند دەستکەوتێکى کەم دەستبەردارى زۆر شت ببن”.

هاوکات ئاشکراى کرد: “لە کۆتایى دەسەڵاتەکەیدا عەبادى پارەى مووچەخۆرانى 2018 ى رادەستى هەرێم کردوە کە ئەو پارەیە لێکدانەوەى جیاوازى بۆ دەکرێت، جگە لەوەش حکومەتى عێراق مووچەى فەرمانبەرانى ناردوە بەڵام ئەوە حکومەتى هەرێمە کە قەرزارى مووچەخۆرانى کوردستانە”.

یوسرا ڕەجەب ڕوونى کردەوە: “هەموو ئەو گرفتانەى ئێستا ڕووبەڕووى حکومەتى هەرێم دەبێتە نەزانى مامەڵەى شیاو بوو لەگەڵ حکومەتى ناوەند چونکە ئەوان لە ساڵانى 2003 دا ڕێزى زۆر تایبەتیان لە کورد دەگرت بەڵام مامەڵەى ناحەکیمانەى بەرپرسانى کورد ئەم دۆخەى دروست کرد، کە پێم وایە هیچ خەتایەک لە دەسەڵاتدارانى عێراق نیە، کورد زۆر هەلى بۆ هاتە پێش نەیتوانى ئەو هەلانە بقۆزێتەوە و مافەکانى خۆى لە دەستوردا بەشێوەیەکى رێکوپێک بچەسپێنێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this