ئەمساڵ بەرهەمی گوێزی هەوامان بۆ نزیكەی لە %80 كەمیكردووە

0
190
SNN-عەلی حەمە سەعید
بە وتەی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ناحیەی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی كەمبارانی و وشكبوونی زۆرینەی سەرچاوە ئاوییەكان و بەرزی پلەكانی گەرما، بەرهەمی گوێزی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بۆ نزیكەی لە %80 كەمی کردووە، زۆرێك لە دارگوێزەكانیش بەتەواوی وشكبوون.

بەهادین عوسمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی ناحیەی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەی كە لە كەشوهەوای ناوچەكە ڕوویداوە بەتایبەت لە ڕووی كەمی باران بارین و وشك بوونی سەرچاوە ئاوییەكان و هەروەها بەرزی پلەكانی گەرما، بووتە هۆی ئەوەی گۆڕانكاریش لە بەرهەمی گوێزی سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەتایبەت ناوچەی هەورامان بێتە ئاراوە بە جۆرێك بڕی بەرهەمی گوێز بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بۆ ڕێژەی لە %80 كەمیكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد،  ئەمساڵ جۆرو كوالێتی گوێزەكانیش بەراورد بەساڵانی ڕابردوو لە ئاستێكی باشدا نین، چونكە ساڵانی ڕابردوو دارگوێز هەبووە لە هەورامان بەتەنها زیاد لە 80 كیلۆ گوێزی پێوە بووە بەڵام ئەمساڵ هەمان ئەو دار گوێزە كەمتر لە 10 كیلۆ گوێزی پێوە بووە، بۆیە بە شیوەیەكی گشتی لە ساڵانی ڕابردوو لە سنوری ناوچەی هەورامان زیاد لە 260 هەزار تۆن بەرهەمی گوێزمان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ ڕێژەكە زۆر كەمیكردووە بەرهەمی گوێز ناگاتە 30 هەزار تۆن، لەكاتێكدا ئێمە لە كشتوكاڵی بیارە هەموو هاوكارێكی خاوەن باخەانمان كردووە بۆ دابینكردنی دەرمان و پێدانی ڕێنمایی بۆ پاراستنی دار گوێزەكانیان.

بەڕیوەبەری كشتوكاڵی ناحییەی بیارە ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەوە بەرهەمی گوێزی ئەمساڵ زۆر كەمبووە لە هەمان كاتیشدا بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرما و نەبوونی ئاو بەشێكی زۆری دارگوێزەكانیش بەتەواوی وشك بوون ئەوەش كارەساتێكی گەورەیە و قەرەبووكردنەوەی كارێكی مەحاڵە و پێویستی بەكاتێكی زۆر دەبێت چونكە بۆ پێگەیاندنی دارگوێزێك تا دەگاتە بەرهەم پێویستی بە دەیان ساڵ دەبێت.

بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زیاد لە 90 هەزار دارگوێزی بەردار بوونیان هەیە، كە زۆرینەی ئەو دارگوێزانە دەكەونە ناوچەی هەورامان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this