“ئەگەر بودجە پەسەند نەکرا ناردنی 200 ملیارەکە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت”

0
334

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات تا پەسەند كردنی بوودجەی ساڵی 2022 ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامی دەبێت و هیچ هۆكارێك نییە بۆ نەناردنی ئەو پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان ئەگەیش بودجە پەسەند نەكرا ئەوا كا بە یاسای یەك لەسەر 12 دەكرێت و هەرێمی كوردستانیش هیچ گرفتێكی نابێت.

د. جەمال كۆچەر، كاندیدی دەرچووی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: ئەوەی تا ئێستا یەكلایی بووەتەوە لە بارەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق كاركردنە بەو ڕێككەوتنە كە لە نێوان هەرێم و عێراق واژی لەسەر كراوە كە بریتیە لە ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە لە ئیستادا هیچ گرفتێك لە ئارادا نییە بۆ نە ناردنی ئەو بڕە پارەیە و تا ئەو كاتەی بودجەی ساڵی 2022 پەسەند دەكرێت ناردنی ئەو پارەیەش بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر لە حاڵەتێكیشدا بەهۆی كۆنەبوونەوەی پەرلەمان و پێكنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق نەتواندرا عێراق بودجەی بۆ ساڵی 2022 هەبێت ئەوا كار بەیاسای بودجەی ساڵی ڕابردوو دەكرێت بودجەی ساڵەكە دابەشدەكرێت بۆ سەرجەم كەرتەكان ئەو داهاتەی هەیە بە یەك لەسەر 12 دابەشدەكرێت واتە كۆی داهات دابەشدەكرێت بەسەر 12 مانگەكەدا و لەو حاڵەتەشدا هەرێمی كوردستان هیچ گرفتێكی نابێت و ناردنی 200 ملیارەكەش بەردەوام دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو ئەوەشی خستەڕوو، تەنها لە حاڵەتێكدا دەتواندریت ناردنی 200 ملیار دینارەكە ڕابگیرێت ئەوەش ئەوكاتەیە كە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق پێكبهێندرێت، ئەوكاتەش جارێكی دیكە گفتوگۆ و ڕێككەوتنی نوێ‌ لە نێوان هەرێم و بەغدا دێتە ئاراوە بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this