“عێراق بە مەرج پارەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان ڕەوانەی هەرێم دەكات”

0
492

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەرەڕای ئەوەی لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق پشكی پارێزگاكانی هەرێمیش دیاریكراوە لە پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، لە ئێستادا حكومەتی عێراق دەستیكردووە بە خەرجكردنی ئەو بودجەیە بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق، بەڵام جگە لە ناردنی 200 ملیار دینار بە شێوەی سولفە هیچ بڕە پارەیەكی دیكە لەعێراقەوە ڕەوانەی هەرێم نەكراوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەخولی پەرلەمانی عێراقیش مەرجی بەغدا بۆ ناردنی پشكی هەرێم لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان ئاشكرا دەكات.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: ساڵانە لەگەڵ پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانیش دیاریدەكرێت كە ئەوە بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكان دەبێت و ڕاستەوخۆ لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی پارێزگاكاندا خەرجدەكرێت، هاوكات لە ئێستادا حكومەتی عێراق لە پارێزگاكانی دیكەی عیراق دەستیكردووە بە خەرجكردنی ئەو بودجەیەی كە بۆ پەرەپێانی پارێزگاكانی تەرخانكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەمساڵدا جگە لەوەی چەند جارێك بڕی 200 ملیار دینارەكە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم كراوە هیچ بودجەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە نەكراوە، بۆیە بودجەی پەرەپێدان بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كاتێك رەوانەدەكرێت كە سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان رادەستی بەغدا بكرێت، بە پێچەوانەوە بەغدا ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرێت جگە لەو 200 ملیار دینارەی كە بەشێوەی سولفە بۆ مووچە خۆرانی هەریمی ڕەوانەدەكات.

ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ڕوونكردەوە، بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان ئامادەنییە داهاتەكانی ڕادەستی بەغدا بكاتەوە، لە بەرامبەردا بەغدا كار بە یاسای “مقاصە” دەكات، بەڵام بۆ ئەمساڵ ڕێگەش نادرێت كار بەو یاسایە بكرێت، بۆیە تەنها ڕێگا بۆ ناردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانیشەوە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم پابەندی بڕگەكانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بێت و داهاتەكان ڕادەستی بەغدا بكاتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this