كۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ خوێندكاران سەلمێنەری پەرۆشی یەكێتییە بۆ داخوازییەكانیان

0
293

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیكەی 10 كاتژمێر بافڵ جەلال تالەبانی و ژمارەیەك لە خوێندكارانی ناڕازی زانكۆ و پەیمانگاكان كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بە ڕاشكاوانە باسیان لە كێشە و گرفت و داخوازییەكانی خوێندكاران كرد، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات هەرچەندە ئەوە كاری حكومەتە داواكاری خوێندكاران جێبەجێبكات، بەڵام كۆبوونەوەی كەسی یەكەمی یەكێتی لەگەڵ خوێندكاران سەلمێنەری پەرۆشی یەكێتییە بۆ پشتگیری لە داخوازییەكانیان.

سەرتیپ عەلی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: تەرخانكردنی كاتێكی زۆر لەلایەن كەسی یەكەمی ناو یەكێتی بۆ گوێگرتن لە داواكاری و كێشە و گرفتەكانی خوێندكاران و هەروەها خستنەڕووی چەندین پێشنیار بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان، ئەوە دەسەلمێنێت كە هەمیشە یەكێتی خۆی بە خەمخۆی سەرجەم چین و توێژەكان زانیوە بەتایبەت خوێندكاران كە ڕێژەیەكی زۆری كۆمەڵگای كوردی پێكدەهێنن.

ئاماژەی بەوەشكرد: وەك ئەركی سەرشانی خۆی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و پەرۆشی یەكێتی بۆ پشتگیری لە داواكاری و چارەسەركردنی گرفتەكانی خوێندكاران بافڵ جەلال تالەبانی بەو كارە هەستاوە لە كاتێكدا دەبوو حكومەت داواكارییەكانی خوێندكاران جێبەجێ‌ بكات و كارنەگاتە ئەوەی بۆماوەی چەند ڕۆژێك خۆپیشاندان بكرێت لەكاتێكدا هەموومان دەزانین لە ئێستادا تاڕادەیەك دۆخی دارایی هەرێم باشتر بووە لەبەرامبەردا باری گوزەرانی هاووڵاتیان بەتایبەت ئەوانەی خوێندكاری زانكۆ و پەیمانگایان هەیە وەك پێویست نییە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، یەكێتی بەو سەنگ و قورساییەی لە پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكانی دیكەدا هەیەتی مەبەستییەتی كە پرۆژەیەكی گشتگیر و گونجاو ئامادە بكات بۆ چارەسەركردنی گرفتی خوێندكاران بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتووش هەمان ئەو گرفتانە سەر هەڵنەدەنەوە و خوێندكاران بۆ داواكردنی مافەكانیان خۆپیشاندان نەكەن بۆیە بافڵ جەلال تاڵەبانی وەك خەمخۆرێكی خوێندكاران لە هەوڵی چارەسەركردن و بنبڕكردنی گرفتەكانی خوێندكاراندایە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this