فوئاد حسێن: ئەگەر دۆخی ئابووریی عێراق باش بێت خەڵک هەوڵ نادات کۆچ بکات

0
234

SNN

وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند: یەکێتیی ئەورووپا رێگە بە کۆچبەران نادات بچنە ناو خاکی یەکێتییەکە و ئەوانە قوربانی ململانێی سیاسیی نێوان بێلاڕووس و یەکێتیی ئەورووپان.

فوئاد حوسێن وەزيری دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەياندووە: یەکێک لە کێشەکانمان ئەوەیە تا ئێستا ژمارەی کۆچبەران دیار نییە و باس لە سەدان و هەزاران کەس دەکرێت لەسەر ئەو سنووران، دەبێت لەسەر خواستی خۆیان بگەڕێنەوە عێراق”.

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە کۆچبەرانی سەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا کرد و وتی: وەک حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە کە بینیمان ئەم کۆچبەرانە گەیشتنە بێلاڕووس و هەوڵیان دا بڕۆنە ناو لیتوانیا و دوایی پۆڵۆنیا، ئەو دەوڵەتانە نەیانهێشت و قبوڵیان نەدەکرد، ئێمە یەکسەر هەوڵماندا لەگەڵ ئەو کۆچبەرانە قسە بکەین و خەڵکمان ناردە سەفارەتەکانمان لەو دەوڵەتانە بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەن کە خۆیان گەیشتنە ئەو بڕیارە کە بێنەوە و زۆربەی زۆریان بە خواستی خۆیان بڕیاریان دا، ئەو کاتە ئێمە فڕۆکەمان نارد بۆ گەڕانەوەیان.

وتیشی: “تا ئێستا پێنج گەشتمان ئەنجامداوە و هەزار و 890 کەسمان هێناوەتەوە لە بێلاڕووس، بەردەوام دەبین ئەگەر بیانەوێت بگەڕێنەوە”.

فوئاد حوسێن لەبارەی گازندەی کۆچبەران کە باس لە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوورەوە دەرهەق بە کۆچبەران دەکەن دەڵێت: “لە مانگی تەمووزەوە لە پەیوەندی بەردەوام داین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، سێ دیدارمان ئەنجامدا، هەم لە وڵاتەکەی خۆی و هەم لە نیۆیورک و هەم لە عێراق، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پۆلۆنیاش کۆبوومەوە باسم کردووە، بە رێگەی تەلەفۆنیشەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دیکەش قسەم کردووە. لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵیش قسەم کردووە، ئەوانیش دەڵێین ئەوە کۆچێکی رێکخراوە و کۆمەڵێک قاچاغچی رێکیان خستووە”.

بەگوتەی فوئاد حوسێن، ئەم خەڵکە، بوونەتە قوربانی ململانێکی سیاسیی لەنێوان بێلاڕووس و یەکێتیی ئەورووپا بە تایبەتی لەنێوان بێلاڕووس لیتوانیا، لە بارەی چارەنووسی کۆچبەرانيشەوە،ئاماژە بەوەدەکات: “ناهێڵن بڕۆنە ژوورەوە و ئێمەش لە هەوڵداین بۆیان کە ئەم خەڵکە بهێنینەوە عێراق”.

فوئاد حوسێن لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە رەخساندنی هەلی ژیانێکی باش بۆ کۆچبەران دوای گەڕانەوەیان چۆن دەبێت گوتی: “ئەم خەڵکە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئاوەدانکردنەوەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراقەوە هەیە و ئەگەر دۆخی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراق باش بێت، ئەم خەڵکە هەوڵ نادات کۆچ بکات”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this