پەرلەمانتارێکی یەکێتی: بەدواداچوون بۆ گرانبوونی نرخی دەرمان دەکەین

0
191

 SNN-عەلی حەمە سەعید

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات لە هەوڵێكدا بە ئاراستەی بەرزكردنەوەی نرخی دەرمان لەسەر هاووڵاتیان، حكومەت ستیكەری تایبەت بە دەرمانی داوەتە كۆمپانیایەكی ئەهلی بەوەش بە نیازە نرخی دەرمان لەسەر هاووڵاتیان زیاد بكرێت، بەڵام ئیمە رێگە بەوەها كارێك نادەین و بەدواداچوونی تەواو دەكەین.

شنۆ ئەشقی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: لە هەوڵێكی نوێدا بە ئاراستەی گرانكردنی نرخی دەرمان لەسەر هاووڵاتیان و بە گوێرەی ئەو زانیاری و بەدواداچوونانەی كردوومانە لە لیژنەی تەندروستی، بۆمان دەركەوتووە كە ستیكەری تایبەت بە دەرمان لەلایەن حكومەتەوە بەبێ تەندەر دراوەتە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت، ئەمەش وایكردووە  نرخی دەرمان لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەرزببێتەوە، بەڵام ئێمە وەك پەرلەمانتارانی یەكێتی و بەتایبەت ئەندامانی لیژنەی تەندروستی بەهەموو شێوەیەك لەدژی وەها هەوڵێكداین.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەمەبەستی زیاتر بەدواداچوون و دڵنیابوونەوەمان لەو بابەتە بۆ گەیشتن بە راستی و دروستی ئێمە لەلیژنەی تەندروستی پەرلەمان، لیژنەیەكی لاوەكیمان پێكهێناوە لە نزیكەوە سەردانی وەزارەتی تەندروستی و كوالێتی كۆنترۆڵ دەكەین، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوەمانە لە راستی و دروستی گرانبوونی نرخی دەرمان و چۆنێتی پێدانی ستیكەری دەرمان بە كۆمپانیایەكی تایبەت.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN مانگانە نزیكەی 40 ملیۆن ستیكەر دروست دەكرێن و پێشتر بۆ دروستكردنی سێ ستیكەر تەنها  یەك سەنت وەرگیراوە، بەڵام لە ئێستادا هەوڵێك هەیە كە دروستكردنی ستیكەری دەرمان بدرێتە كۆمپانیا و بۆ دروستكردنی هەریەك ستیكەر بڕی پێنج سەنت وەربگرێت بەو شێوەیەش دواجار نرخی دەرمان لەسەر هاووڵاتیان زیاتر دەكرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this