جموجوڵی بازرگانی لە مەرزەكانی هەرێم رادەگیرێن

0
826
مەرزی باشماخ

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاماژە بەوەدەكات لەگەڵ لایەنی ئێرانی ڕێككەوتون كە لە یەكەم رۆژی جەژنی ڕەمەزاندا هەموو جوڵەیەكی بازرگانی لە مەرزەکانی باشماخ و شوشمێ رابگرن و دووەم ڕۆژ دۆخەکە ئاسایی بكەنەوە.
شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە SNNی راگەیاند: لەگەڵ نزیك بوونەوەمان لە رۆژانی جەژنی ڕەمەزان، لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆمان كردووە لەبارەی چۆنیەتی كاركردنی بازرگانی لە مەرزی باشماخ لە رۆژانی جەژندا، دواجار هەردولامان گەیشتوینەتە ئەو بڕیارەی كە لە كاتژمێر هەشتی بەیانی یەكەم رۆژی جەژن هەتا كاتژمێر هەشتی دووەم رۆژی جەژن هەموو جموجوڵێكی بازرگانی لە مەرزی باشماخ رابگیرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمساڵ بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتوچۆی گەشتیاران لە مەرزی باشماخ ئەنجام نادرێت و تەنها رێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان دەدرێت، بۆیە لەم جەژنەدا تەنها كاری بازرگانی و جموجوڵی بازرگانی رادەگیرێت بۆ ماوەی یەك ڕۆژ.
لای خۆیەوە، حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە، بە SNNی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بڕیار دەرچووە لە رۆژانی جەژندا بۆ ماوەی 72 كاتژمێر هەموو جوڵەیەك رابگیرێت، بۆیە بەدڵنیاییەوە جوڵەی بازرگانیش لە مەرزی شۆشمێ‌ لە رۆژانی جەژندا رادەگیرێت و دواتر ئاسایی دەبێتەوە.
لە هەرێمی كوردستان و عێراق ڕۆژی شەممە 23ی ئایار بە كۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاریکراوە و ڕۆژی یەك شەممە 24ی ئایار یەكەم ڕۆژی جەژن دەبێت.

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this