تیمێكی چاودێری دارایی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی 200 ملیار دینارەكە دەدەن

0
460

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەوتەی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ماوەی چەند ڕۆژێكە تیمێكی چاودێریی دارایی حكومەتی عێراق هاتوونەتە هەولێر و بەهاوبەشی لەگەڵ تیمێكی چاودێری دارایی هەرێم سەرقاڵی وردبینین لە داهات و خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم و پێدەچێت ئەمڕۆ یان سبەی كاری هاوبەشی ئەو تیمە كۆتایی پێبیت و دواتر لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ئەو دوو تیمە هاوبەشە بڕیاری لەسەر ناردنی 200 ملیار دینارەكە دەدرێت بۆ هەرێم.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایی بە SNN دراون ئەوەخراوەتەڕوو، ماوەی چەند ڕۆژێكە تیمێكی چاودێری دارایی عێراق هاتوونەتە هەولێر و سەرەڕای ئەوەی كە پشووی فەرمیشە بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر ئەوەی كە دەبێت وردبینی بكەن لە خەرجی و داهاتەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئەومەبەستەش تیمێكی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێمیش بەهاوبەشی لەگەڵ ئەو تیمە عێراقییە سەرقاڵی كاركردنن لە داهات و خەرجییەكان پیدەچێت ئەمڕۆ یان سبەی كۆتایی بەكارەكانیان بهێنن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای كۆتایی هاتنی كارەكانی ئەو دوو تیمە دواتر ڕاپۆرتێكی گشتی لەسەر كۆی گشتی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم و هەروەها كۆی گشتی خەرجەییەكانیش لەو ڕاپۆرتەدا دەنوسرێت و ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی دەكرێت، ئەوانیش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕاپۆرتەكە دەخەنە ڕوو بڕیاردەدەن كە ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم بەردەوام بێت یاخود دەبێت حكومەتی هەرێم بۆخۆی لەداهاتەكانی خۆی خەرجی و مووچەی فەرمانبەرانی دابین بكات.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی هێشتا پەرلەمانی نوێ كۆنەبووەتەوە، ناتواندرێت پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022 پەسند بكرێت بۆیە حكومەتی عێراق بەناچاری پەنا بۆ یاسای كارگێڕیی دارایی دەبات لەسەر بنەمای یەك لەسەر دوازدەی یاسای بودجەی ساڵی 2021 خەرجییەكانی دەوڵەت لە ساڵی 2022 دابیندەكات تا ئەوكاتەی یاسای بودجەی ساڵی 2022 پەسند دەكرێت، بۆیە لەئێستادا هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە ساڵی داهاتووش ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this