کەشناسی هەرێم هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان

0
317

SNN

پێشبینیی دەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا، هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر كاریگەریی بارستە هەوایەكی سارد و پلەکانی گەرما بۆ چەند پلەیەک لە خوار سفرەوە دابەزن، هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکاتئەگەر بارانبارین بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ مەترسیی وشکەساڵی تێدەپەڕێنێت.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی لە هەرێمی کوردستان رایگه‌یاندوه‌، تاوەکو ڕۆژی شەممەی داهاتو هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستە هەوای سیبریی و پلەکانی گەرما لە هەندێك ناوچە دەگاتە ژێر سفر پلەی سیلیزی.

فازڵ ئیبراهیم، هۆشداری دەدات و باس لەوە دەکات، “پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی داهاتوو پلەکانی گەرما لە سەنتەری شاری دهۆک دەگاتە -3، هەولێر -2 و سلێمانی -4 پلەی سیلیزی دەبێت و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان، پلەکانی گەرما بۆ -10 پلەی سیلیزی دادەبەزن”.

سەبارەت بە ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ و مەترسی دروستبونی لافاو یان پەنگخواردنەوەی ئاو لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە رۆژانی داهاتو لە بەشی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پێشبینی بەفربارین دەکرێت، بەڵام پێشبینی بارانبارینی بەخوڕ لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و بارانبارین ئەگەر هەبێت بە شێوەی ئاسایی دەبێت.

سەبارەت بە رێژەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان، فازڵ ئیبراهیم، ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر 141.3 ملم، سلێمانی 199.7 ملم، دهۆک 93.01 ملم، کەرکوک 65.6 ملم و هەڵەبجە 229.6 ملم باران باریوە.

لە لایەکی دیکە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوشدا لە هەولێر 82.6 ملم، سلێمانی 233 ملم، دهۆک 106.7 ملم، کەرکوک 43.4 ملم و هەڵەبجە 132.3 ملم بارانباری بوو.

بەراوردی ڕیژەی بارانبارین لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە نێوان ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوش، هەولێر ٥٨.٧ملم، سلێمانی (-33.3)ملم، دهۆک (-16.6)ملم، کەرکوک 22.2 ملم و هەڵەبجە 97.3 ملم بوە.

هاوکات بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردو ریژەی بارانبارین لە هەولێر 170.6 ملم، سلێمانی 408.5 ملم، دهۆک 267.9 ملم، کەرکوک 103.2 ملم و هەڵەبجە 257.8  ملم بارانباری بو.

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەگەر بارانبارین و شێوازی دابەشبونی بارانبارین بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا هەرێمی کوردستان لەمساڵدا مەترسیی وشکەساڵی تێدەپەڕێنێت و ئاستی ئاوی ژێرزەویش بەرز دەبێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this