دوو دەرچووی زانكۆ لە سەیدسادق كارێكی جیاواز دەكەن

0
1101
دوو گەنجەکەی سەیدسادق

SNN- عەلی حەمە سەعید

(كاروان و هەردی) دوو گەنجی دەرچووی زانكۆی سلێمانین ئەوان لە چاوەڕوانی حكومەتدا نەماونەتەوە دایان بمەزرێنێت، بەڵكوو بە خزمەتكردنی هاووڵاتیانی سنورەكەیان هەلی كاریان بۆ خۆیان رەخساندووە، بۆیەكەمجاریش بە بەكارهێنانی ئاردی زەڕات كولێرە و كولێرە بەقیمەی خۆماڵی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكەن و ناوبانگێكی باشیان دەركردووە.

كاروان فەریق، دەرچووی ساڵی 2012ی بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی بۆ SNN ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ كاك هەردی هاوڕێم، بیرمان لەوە كردەوە كە نابێت چاوەڕێی حكومەت بكەین دامان بمەزرێنێت و كارمان بۆ دابین بكات، دەبێت خۆمان بەم كارە هەستین، بۆیە بیرمان لەوەكردەوە كە دەبێت كارێكی جیاواز بكەین و خزمەتكدنی هاووڵاتیانیشی تێدابێت، هەردوولامان لەسەر ئەوە رێككەوتین كە فڕنێكی تایبەت بە كولێرە بكڕین بەڵام كولێرەی ئاسایی پێنەكەین، بەڵكوو بڕیارماندا كە زەڕات بكرین و بیكەین بە ئارد و كولێرەی زەڕات پێشكەش بە هاووڵاتیان بكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، خۆشبەختانە بەهۆی ئەوەی یەكەم كەس بوین كولێرەی زەڕات پێشكەش بكەین بە بێ‌ تێكەڵكردنی هیچ جۆرە ئاردێكی دیكە بەماوەیەكی كەم ناوبانگێكی باشمان دەركرد و تەنانە لەدەرەوەی سەیدسادق هاووڵاتیان دێن بۆ كڕینی كولێرەی زەڕات كە چەندین سودی تەندروستی هەیە، بەڵام دوای ماوەیەك بیرمان لەوەكردەوە كە بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان كولێرە بە قمەی زەڕاتیش پێشكەش بكەین، ئەمە هێندەی دیكە كارەكەمان بەناوبانگ كرد و ئێستە بە دابینكردنی كولێرە و كولێرە بە قیمە بوینەتە ناسنامەی سەیدسادق چونكە تەنها لێرە ئەو جۆرە كولێرەیە بونی هەیە.

هەردی ئەكەرەم، هاوڕێی كاروان و دەرچووی زانكۆ، بەدەم بڕینی گونكی هەویری زەڕات بۆ SNN باسی لەوەكرد، ماوەی زیاد لە دوو ساڵە دەستمان كردووە بە بەكارهێنانی ئاردی زەڕات بۆ كولێرە، بیرۆكەی ئەم كارەشمان لەوەوە هات كە خەڵكانێكی زۆر دەناڵێنن بەدەست نەخۆشییەكانی شەكرە و ریخۆڵە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و هەرسنەكردنی خواردن و چەندین نەخۆشی دیكە، چونكە ئەم ئاردی زەڕاتە بۆ ئەو نەخۆشیانە زۆر بەسودە ئەوەش بە وتەی پزیشكانی پسپۆڕی ئەو بوارە بۆیە ئەمە وایكردووە كە لەدەرەوەی سەیدسادق بەتایبەت هاووڵاتیان بێن بۆكڕینی كولێەی زەڕات.

ئاماژەی بەوەشكرد، تایبەتمەندی ئەم ئاردە بەجۆرێكە كە ئاردێكی زبرە و مادەی (گۆلۆتین)ی كەمە وڕێژەی نیشاستەی زۆركەمی تێدایە و بۆ هەرسكردن زۆر ئاسانە لەگەڵ ئەوەشدا مانەوەی ئەم كولێرانە بۆ چەند رۆژێك هیچیان لێنایەت وەك خۆیان دەمێننەوە، هاوكات ئەو قیمەیەشی بۆ كولێرە بە قیمە بەكاری دەهێنین قیمەی بەرخی خۆمانەیە و خۆمان قیمەكەش ئامادە دەكەین، بۆیە لە ئێستادا كە لە مانگی رەمەزانداین لە دوو كاتی جیاواز كاردەكەین لە دوانیوەڕۆ بۆ نزیك بانگی مەغریب، لە كاتژمێر 10ی شەویش بۆ كاتی بەربانگ كولێرە ئامادە دەكەین لە رۆژانی ئاسایشدا سەرلەبانی تا سەرلە ئێوارە دوكانمان كراوە دەبێت.

هەردی ئەوەشی خستەڕوو، مۆڵەتی تەندروستیمان هەیە و لیژنەكانی قایمقامیەت چەندین جار دەستخۆشیان لێكردوین لەسەر پاكوخاوینی كارەكەمان، هەروەها بۆیە دەستكێش بەكار ناهێنین سروشتی كارەكەی ئێمە وایە كە نابێت دەستكێش بەكار بهێنین ئەمەشمان بە تیمە تەندروستیەكان وتووە ئەوانیش ڕەزامەندیان داوە .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this