“خواست لەسەر كڕینی گۆشت بە ڕێژەی لە %50 كەمی كردووە”

0
387

SNN-عەلی حەمە سەعید
بە بەراورد بە جەژنی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ سەربڕینی ئاژەڵ لە كوشتارگەكانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە كەمی كردووە و هاوكات بە وتەی گۆشتفرۆشەكانیش ئەمساڵ كڕیارانی گۆشت لە %50 كەمیان كردووە.

حەمە ئەمین محەمەد، یەكێك لە گۆشتفرۆشەكانی هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: لەگەڵ ئەوەی  ئەمساڵ بۆ زۆرێك لە هاوڵاتیان ساڵێكی جیاواز بوو لە ڕووی چالاكی بازرگانی و بەڕێكردنی ژیان بەشێوەیەكی ئاسایی، بەهەمان شێوە بۆ ئێمەی گۆشتفرۆشانیش جیاواز بوو، چونكە بەهۆی ئەوەی كۆمەڵگای ئێمە زۆربەی مووچە خۆرە و بەهۆی نەدانی مووچە لەكاتی خۆیدا بووەتە هۆی ئەوەی كە خەڵك كەمتر بێتە لامان بۆ كڕینی گۆشت، دواتر كە ئەم ڤایرۆسی كۆرۆناش سەری هەڵدا هێندەی دیكە زیانی بە ئێمە گەیاند و ماوەی نزیكەی دوو مانگە فرۆشتنی گۆشت بە رێژەی لە%50 دابەزی بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لەم كاتانەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی گرانی نرخی گۆشتەوە كە كیلۆیەك بە 13 هەزار دینارە هەموو كەسێك توانای كڕینی نییە.

سامان زۆراب، یەكێك لە هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ SNN ئەوەی خستەڕوو، دڵنیام كە كڕینی گۆشت لە لایەن هاوڵاتیانەوە زۆر كەمی كردووە ئەوەش پەیوەندی بەو دۆخەوە هەیە كە باڵی بەسەر كوردستاندا كێشاوە، چونكە لەلایەك باری دارایی هاوڵاتیان هێندە باش نییە كە هەموو هاوڵاتیان بتوانن بۆ ئەم جەژنە گۆشت بكڕن یاخود ئەگەر بیشیكڕن كیلۆیەك یان نیو كیلۆ دەكڕن، هاوكات بەهۆی ئەوەی حكومەت قەدەغەی هاوچۆی بۆ ماوەی 72 كاتژمێر ڕاگەیاندووە ئەمە كاریگەری زۆری كردوەتە سەر كڕینی گۆشت چونكە ئەگەر لە جەژنەكانی دیكە خەڵكانێك لەدەرەوەی هەڵەبجەوە میوانیان بهاتایە ناچار بوو بڕێكی زیاتر گۆشت بۆ میوانەكانی بكڕێت بەڵام ئەم جەژنە تەنها بەشی خێزانەكەی خۆی دەكڕێت، بە نمونەش بۆخۆم جەژنی ساڵی ڕابردوو بەهۆی هاتنی میوان لە سلێمانیەوە پێنج كیلۆ گۆشتم كڕی بەڵام ئەمڕۆ هاتوم تەنا كیلۆ و نیوێك بكڕم.

ڕەسوڵ محەمەد، یەكێك كارمەندانی كوشتارگەی هەڵەبجە، بۆ SNN باسی لەوەكرد ساڵی ڕابردوو بەر لە چەند ڕۆژێك بەهاتنی جەژن فشارێكی زۆرمان لەسەر دروست دەبوو بۆ سەڕبڕینی ئاژەڵی هاوڵاتیان لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە ئاژەڵی گۆشتفرۆشان، بەڵام ئەمساڵ بە نزیكەی %50 سەر بڕینی ئاژەڵ كەمیكردووە، چونكە هاوڵاتیان تەنها بەشی خۆیان دەكڕن و بەشێكی زۆری هاوڵاتیانیش هەرچەندە موچەشیان وەرگرتووە بەڵام بەهۆی گرانی نرخی گۆشت و نەبوونی متمانە بە دابەشكردنی موچە لەكاتی خۆیدا و خراپی  باری دارایانەوە ئامادەنین بڕێكی زیاد گۆشتبكڕن یاخود هەر نایكڕن بەتەمای خێرخوازانن گۆشیان بۆ ببەن، بۆیە ئەوەی لەسەر ئێمەیە پشكنین و سەربڕینی ئاژەڵە بەشێوەیەكی تەندروست.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this