هەولێر کارەبا لەکەرکوک دەبڕێت و کەرکوکیش هی ماڵە کوردەکان دەکوژێنێتەوە

0
924

عیماد جەباری، SNN
بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای باكور هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبای كەركوك دەخاتە ئەستۆی بەغدا و پابەندنەبوونی هەرێم.

پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبا دەخاتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم كە لەهەولێر رێگری دەكات وەبەرهێنەرەكە پابەندی پێدانی كارەبا بێت بەشارەكە بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ بەغدا ئەنجامیداوە، كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای باكوریش لەنوسراوێكدا هۆكارەكانی كەمبوونەوەی كارەبا دەخاتە ئەستۆی بەغدا و پابەند نەبوونی هەرێم.

ماوەی دوو هەفتەیە كارەبای كەركوك بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە، بەهۆیەوە پڕۆژەی دابەشكردنی ئاوی كەركوكیش كوژاوەتەوە و بەشێكی زۆر لەگەڕەكەكانی شارەكەی بێ ئاو كردووە.

رۆژی 21ی ئایاری 2020، راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوكالەت نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆکوەزیران كردووە و خراپیی دۆخی كارەبای پارێزگاكەی خستوەتەڕوو و داوایكردووە دەستوەردانی بەپەلە بكات تاوەكو لەگەڵ وەزارەتی كارەبا و حكومەتی هەرێم بگەنە ئەنجامێك بۆ سەقامگیركردنی دۆخی كارەبای شارەكە كە بەشێوەیەكی نا ئاسایی كەمبووتەوە.

هەر لەو نوسراوەدا پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئەوە دەخاتەڕوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگری دەكات لە (وەبەرهێنەر ئەحمەد ئیسماعیل) بەپێی گرێبەستەكەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتدا كارەبا بۆ كەركوك دابینبكات، لەدوو هەفتەی رابردووشدا بەتەواوەتی پێی بچڕاندووە كە وایكردووە كاتژمێرەكانی بچڕانی كارەبا بۆ زیاتر لە 10 كاتژمێر كەمبێتەوە.

نۆ ساڵ بەر لەئێستا ئیدارەی كەركوك گرێبەستێكی لەگەڵ وەبەرهێنەرێكی كارەبای هەرێمی كوردستان ئەنجامدا بۆ كڕینی كارەبا، لەدوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 ئەو بەشە كارەبایە لە 250 مێگا واتەوە بۆ 100 مێگا وات كەمبووە تا گەیشتە ئەوەی لەئێستادا بەتەواوەتی بچڕاوە.

ئەندازیار زێدان خەڵەف بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای باكور نوسراوێك لەبارەی كەمبوونەوەی كارەبای پارێزگاكانی (كەركوك، سەڵاحەدین و نەینەوا) ئاڕاستەی بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبای عیراق كردووە، ئاگاداری دەكاتەوە كە لەلایەن كۆنتڕۆڵی نیشتمانی و حكومەتی هەرێمەوە بەشە كارەبای كەم دەدرێتە ئەو سێ پارێزگایە و زۆرجاریش هێڵی 132 كەیڤی دەبچڕن كە وایكردووە لەرۆژێكدا 9 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەبێت.

هەر لەو نوسراوەدا هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبا و چارەسەرەكانیشی بە هەشت خاڵ خستوەتەڕوو، تێیدا كۆمپانیای ماس و كار و قەیوانی تۆمەتباركردووە كە پابەندی رێككەوتنەكان نین بۆ دابینكردنی كارەبا.

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای باكوور، هۆكاری سەرەكی خستوەتە ئەستۆی كۆنتڕۆڵی ناوەندی عیراق كە بەشە كارەبای (كەركوك و نەینەوا و سەڵاحەدین) وەكو خۆی رەوانە ناكات، راشیدەگەیەنێت كە كۆمپانیای ماس دابینكردنی 250 مێگا وات كارەبای بۆ كەركوك راگرتووە، ئەگەرچی لەساڵی رابردووەوە 100 مێگا واتی رەوانەكردووە، بەڵام لەئێستادا ئەوەشی بڕیوە.

“لەسەرەتای گرێبەستەكەدا كەركوك لەبڕی كارەباكە لەبودجەی بتڕۆدۆلاری شارەكە پارەی بەوەبەرهێنەرەكەی هەرێم دەدات، بەڵام لەدوای نەمانی ئەو بودجەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە لەجیاتی پارەی نەوتی خاو بۆ كۆمپانیای وەبەرهێنەر دابیندەكرێت.”

بەڕێوەبەری كۆمپانیای كارەبای باكور ئەوەشی خستووەتەڕوو كە هەردوو كۆمپانیای كار و قەیوان پابەندی گرێبەستەكەیان لەگەڵ بەغدا نین بۆ دابینكردنی 620 مێگا وات و هۆكارەكەشی دەخەنە ئەستۆی نەبونی سوتەمەنی.( كۆمپانیای كار 500 مێگا وات، كۆمپانیای قەیوان 125 مێگا وات ).

لەوێستگەی غازی گەیارەش وەبەرهێنانی كارەبا بۆ 150 مێگا وات كەمبووەتەوە بەهۆی كەمبوونەوەی ئەو سووتەمەنییەی رەوانەیان دەكرێت، هەروەها دواكەوتنی تەواوكردنی دوو وێستگەی غازی لەدوبس 160 مێگا وات لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە بەهۆكارێكی دیكەی كەمبوونەوەی كارەبای خستوەتەڕوو، لەگەڵ دواكەوتن لە چاككردنەوەی دوو یەكەی وێستگەی غازی كەركوك.

” پارێزگای كەركوك پێویستی بە 1300 مێگا وات هەیە بۆ دابەشكردنی كارەبای تەواوەتی بەسەر سەرجەم گەڕەك و ناوچەكاندا”

یەكێكی دیكەی هۆكارەكانی خراپیی كارەبای بۆ چاكنەكردنەوەی یەكەكانی هەردوو وێستگەی بێجی گەڕندوەتەوە كە دوای سێ ساڵ لەئازادكردنی شارەكە نەتوانراوە كاری تێدا بكرێت و ئەوەش وایكردووە کەموکووڕیی گەورە لە وەبەرهێنانی كارەبای باكور روو بدات.

هەر لەو نوسراوەدا زێدان خەڵەف چارەسەرەكانیشی خستوەتەڕوو و داوایكردوە لەوێستگەكانی هەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركوك ئامێرێكی بەهێزبوونی 132 كەیڤی دابنرێت تاوەكو چارەسەری كەمبونەوەی ڤۆڵتیە بكات لە شارەكانی موسڵ، قەزای حەویجە و بەشێكی گەورەی سەڵاحەدین كە دەبێتەهۆی زیادبوونی بچڕانی كارەبای ئەو ناوچانە.

سەرچاوەیەك لەئیدارەی كەركوك بە SNNی راگەیاند، ئەو 100 مێگا واتەی لەڕێگەی وەبەرهێنەرەكەی هەرێمەوە بۆ شارەكە دابیندەكرێت بەشی 6 كاتژمێر كارەبای رۆژانە دەكات.
وتیشی: “لەدوای بچڕانی ئەو بەشە كارەبایە كە لۆدی لەسەر كارەبای گشتی زیاتر كردووە، كارەبای سنوورێكی فراوان كەمكراوەتەوە كە لەكۆتایی گەڕەكی تسعینەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە قەرەهەنجیر ( واتا فەرمانگەی كارەبای كەركوك لەتۆڵەی بچڕانی كارەباكەی هەرێم هەستاوە بەكەمكردنەوەی كارەبای گەڕەكە كوردییەكان ).

بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ئەو پرسە،SNN پەیوەندی كرد بە بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبا و وتەبێژی كارەبای كەركوك، بەڵام بەبیانووی جیاواز ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this