جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، وەڵامی وەزارەتی دارایی دەداتەوە

0
360

SNN_عەلی حەمەسەعید

دوای ئەمڕۆ جێگری پرێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکیدا بۆ SNNئاماژەی بەوەکرد کە وەزارەتی دارایی ئامادەنییە بودجەی تایبەت بەڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرج بکات، وەزارەتی دارایی رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کەتیایدا وتەکانی جێگری پارێزگاری هەڵەبجەی رەتکردەوە، جارێکی دیکە جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەرێگەی SNNەوە، رونکردەوەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی.

ڕوونکردنەوەیەک بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری:

“سوپاس بۆ روونکردنەوەکەی بەڕێزتان و جێگای دەستخۆشییە بۆ بەدواداچوونەکانتان و خەرجکردنی قۆناغی یەکەم بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام بەڕێزتان ئاگادارن کە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا تەنها کەرەنتینە کردن نییە!.”

سەبارەت بە سێ خاڵی روونکردنەوەی وەزارەتە بەڕێزەکەتان لەسەر خەرج نەکردنی قۆناغی دووەمی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەپێویستی دەزانین ئەم تێبینیانە بخەینە ڕوو:

خاڵی یەکەمی روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی پێچەوانەی نوسراوەکانی وەزارەتی داراییە کە بودجە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە نەک تەنها بۆ کەرەنتینەکردن، چونکە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا تەنها کەرەنتین کردن نییە، پاشان بەپێی ئەو نووسراوانەی کە بۆمان هاتووە و کە بودجەکە خەرج بکرێت بەڵام دواتر راگیرا هیچ ئاماژەیەک بۆ خەرجکردنی تەنها بۆ کەرەنتین کردن نەکراوە، هەروەها کە لە ئێستادا کەرەنتین نییە راستە بەڵام زیاد لە دوو مانگە داوای خەرج کردنی قۆناغی دووەم کرابوو و بەڕێزیشتان رەزامەندیتان بە نوسراو بۆ خەرجکردنی هەبوو، وە لەو کاتەدا لە پارێزگای هەڵەبجە کەرەنتینەی هەورامان هەبوو.

خاڵی دووەم سەبارەت بە ناوی کەرەنتین کراوان گوایە پارێزگای هەڵەبجە نەیناردووە ! تا ئێستا هیچ وەزارەتێک داوای ناوی نەکردووە تا نەینێرین و ناوەکانیش سەرجەمیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە هەیە بە کاتی داغڵ بوون و دەرچوون و تەواوی زانیاری پێویست و هەر دەقەیەک پێویست بێت و هەر وەزارەتێک داوای بکات بۆیان دەنێرین.

خاڵی سێهەم لە لێدوانمان لەکاتی پرسیاری راگەیاندنەکان سەبارەت بە بودجەی کۆرۆنا ، ئێمە تەنها باسمان لەو بودجەیە کردبوو کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بۆ قۆناغی دووەم دیاری کراوە بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان نەک بودجە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە.

لەگەڵ بەڕێزان لە وەزارەتی دارایی و گەنجینەکان چەند جارێک پەیوەندی کراوە بەڵام هیچ لەو خاڵانەی روونکردنەوەکەی وەزارەتە بەڕێزەکەتان ئاماژە پێنەکردووە، و بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بودجە خەرج کراوە و هیچ لەو پاساوانەی روونکردنەوەی بەڕێزتان ئاماژەی پێنەکراوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەڕێگەی SNNوە ئاماژەی بەوەکرد کە وەزرەتی دارایی ئامادەنییە بودجەی تایبەت بەڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرج بکات وەزارەتی دارایی بە فەرمی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، پاش بڵاوکردنەوەی روونکردنەوەکە دووبارە جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وەڵامی وەزارەتی دارایی دەداتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this