دوو یانه‌ى به‌لجیكا و یانه‌یه‌كى فه‌ره‌نسا چاویان له‌سه‌ر هێرشبه‌ره‌ كورده‌كه‌ى كلوب بروج داناوە

0
393
کاوە رەزایی

سه‌نگه‌ر زرار- SNN Sport

 

یانه‌كانى رۆیاڵ ئه‌نتوێرپ و رۆیاڵ شارلروا-ى به‌لجیكایی له‌پاڵ یانه‌ى نانت-ى فه‌ڕه‌نسایی شه‌ڕ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى یاریزانێكى نێوده‌وڵه‌تى كورد ده‌كه‌ن.

 

له‌پێناو گواستنه‌وه‌ى كاوه‌ ره‌زایی هێرشبه‌رى نێوده‌وڵه‌تى و پیشه‌گه‌رى كوردى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى ئێران و یانه‌ى بروج (كلوب بروج)ى پاڵه‌وانى خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى به‌لجیكا (جوپیلێر پڕۆ لیگ)ى وه‌رزى 2019-2020، هه‌ردوو یانه‌ى رۆیاڵ ئه‌نتوێرپ و رۆیاڵ شارلروا-ى به‌لجیكایی له‌گه‌ڵ یانه‌ى نانت-ى فه‌ڕه‌نسایی چاویان بڕیوه‌ته‌ تواناكانى ئه‌م یاریزانه‌ كرماشان-ییه‌ و له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دان له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ى بازاڕى هاوینه‌ى گواستنه‌وه‌ و كڕین و فرۆشتنى یاریزانان له‌نێوان یانه‌كاندا بیگوازنه‌وه‌ ریزه‌كانیان.

 

پاش ئه‌وه‌ى لە ماوەی رابردوو بڕیارى كۆتایی له‌سه‌ر چاره‌نووسى جوپیلێر پڕۆ لیگى یانه‌كانى به‌لجیكا درا و نازناوى پاڵه‌وان به‌یانه‌ى بروج-ى خاوه‌ن پله‌ى یه‌كه‌م به‌خشرا، كاوه‌ ره‌زایی كۆنتاكى ماوه‌ى خواستنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یانه‌ى رۆیاڵ شارلروا كۆتایی هات و گه‌ڕایه‌وه‌ ریزى یانه‌ى بروج، ئه‌مه‌ش پاش تۆماركردنى 12 گۆڵ و سازكردنى 4 گۆڵى تر له‌ 22 یارى خوله‌كه‌ له‌گه‌ڵ 2 گۆڵ و 1 پاسى گۆڵ له‌ 3 یارى ترى جامى یانه‌كانى به‌لجیكا.

 

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا روون نییه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌یانه‌ى بروج پێویستى به‌تواناكانى (كاوه‌ ره‌زایی) نیه‌ و له‌وانه‌یه‌ بیفرۆشێت، له‌كاتێكدا ئه‌م یاریزانه‌ تا هاوینى ساڵى 2022 بۆندى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا ماوه‌.

 

میدیاكانى به‌لجیكا ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ دیار نییه‌ كاوه‌ ره‌زایی ته‌مه‌ن 28 ساڵ وه‌رزى داهاتوو له‌كامه‌ یانه‌دا یارى ده‌كات، ئایا له‌یانه‌ى بروج (كلوب بروج) ده‌مێنێته‌وه‌ یان یانه‌كه‌ پێویستى به‌تواناكانى نییه‌ و ده‌یفرۆشێت، یاخود هه‌ر له‌خولى پیشه‌گه‌رانى تۆپى پێى یانه‌كانى به‌لجیكا (جوپیلێر پڕۆ لیگ)دا له‌پێناو یه‌كێك له‌یانه‌كانى رۆیاڵ شارلروا یان رۆیاڵ ئه‌نتویرپ بۆندێكى نوێ واژووده‌كات،  یانه‌ى رۆیاڵ شارلروا بێشك ده‌یه‌وێ بۆ وه‌رزێكى تر به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت كاوه‌ له‌ڕیزه‌كانیدا بهێڵێته‌وه‌ كه‌ پاش فرۆشتنى به‌یانه‌ى بروج وه‌رزى 2019-2020 به‌شێوه‌ى خواستن یارى بۆ كردوون و ئاستێكى به‌رزى له‌گه‌ڵیاندا پێشكه‌ش كرد، یانه‌ى ئه‌نتویرپ-یش بۆ جێگره‌وه‌ى دیۆمێرسى مبۆكانى هێرشبه‌رى كۆمارى كۆنگۆ، كاوه‌ ره‌زایی هێرشبه‌ر ده‌باته‌ ریزه‌كانى.

 

هه‌روه‌ها به‌پێى زانیاریى میدیاكانى به‌لجیكا كه‌ پشت به‌ستن به‌ڕۆژنامه‌نووسێكى وێبسایتى فوت میركاتۆ، هه‌واڵه‌كه‌یان گواستووەته‌وه‌، یانه‌ى نانت كه‌ له‌خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى فه‌ڕه‌نسا وه‌ك چواره‌م گه‌وره‌ترین خولى ناوخۆیی له‌ئه‌وروپا ركابه‌ریی ده‌كات، چاوى بریوه‌ته‌ تواناكانى كاوه‌ ره‌زایی و له‌نزیكه‌وه‌ بایه‌خى پێده‌دات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوه‌به‌رى كاره‌كانى یاریزانى ناوبراو كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات رووبكاته‌ فه‌ڕه‌نسا.

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this