وتار
بۆچی لەسەر ئەم غەدرە ڕاستی ناڵێن؟

هێرش شۆڕش

تۆڕی ھەواڵی سلێمانی سایتی (SNNC) بەدواداچونی بۆ بڕی کارەبای دابینکراوو پێویست کردوە لەھەولێرو سلێمانی، لەھەواڵەکەدا ئەندازیار ھیوا عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سلێمانی ئاشکرایکردوە، سلێمانی پێویستی بە ١٥٠٠ بۆ ١٨٠٠ مێگاوات کارەبا ھەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت کارەبای ٢٤ کاتژمێر دابینبکرێت، بەڵام ٧٥٠ مێگاوات کارەبایان پێدەدرێت.

لەھەمانکاتدا کارەبای ھەولێر ئاشکرایکردوە، پێویستیان بە ١٨٠٠ مێگاوات کارەبا ھەیە بۆ ئەوەی ٢٤ کاتژمێر کارەبا بداتە ھاوڵاتیان، بەڵام لەئێستادا ١١٠٠ مێگاواتیان پێدەدرێت.

لەھەواڵەکەدا SNN بەراوردکاریەکی بۆ بڕی کارەبای دابینکراو کردوەو دەرکەوتوە ٣٥٠ مێگاوات جیاوازی لەنێوان ھەولێرو سلێمانیدا ھەیەو کارەبای کەمتر بەسلێمانی دەدرێت، بەڵام بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سلێمانی خۆی لەمە بواردوەو نەیویستوە ئاماژەی پێبکات‌و وەزارەتی کارەباش چەند ژمارەیەکی بڵاوکردۆتەوە کە پێموایە خوێنەر سەری لێ دەشێوێت.

وەڵامی وەزارەتی کارەباو بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سلێمانی لەکاتێکدایە، ساڵی ٢٠١٧ کاتێک ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی ھاتەدەنگ لەسەر ئەو نادادپەروەریەی لەنێوان شارەکانی کوردستاندا ھەبوو، ئەوکات سلێمانی ٢٠٠ مێگاوات کارەبای کەمتر پێ دەدرا لەھەولێر، بەڵام ئێستا غەدرەکە زیادیکردوە بۆ ٣٥٠ مێگاوات.

بۆ بیرھێنانەوەی خوێنەران چەند ڕاستیەک دەخەمەڕوو لەزاری ئەوکەسانەی لەسەر ئەم غەدر لەڕابردودا ھاتونەتە دەنگ:

ساڵی ٢٠١٦ سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی پەردەی لەسەر ڕوی ڕاستیەکان ھەڵماڵی‌و ئاماژەی بەوەکرد، لەدابەشکردنی کارەبادا غەدر لەسلێمانی‌و ھەڵەبجەو گەرمیان‌و ڕاپەڕین کراوە، "بەدوو پارێزگاو دوو ئیدارەی سەربەخۆ کەمتر لەھەولێر کارەبایان پێدەدرێت"، ھەڵبەت ئەوکات ئەو پەرلەمانتارە پشتی بەداتای کارەبای سلێمانی بەستوە، کە ئێستا ئەو داتایانە لەبەردەستن.

لەلایەکی دیکەشەوە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ٣٨مین کۆبونەوەیدا باسی لەو "نادادپەروەری"انە کرد کە وەزارەتی کارەبا لەسلێمانی دەکات‌و ئاشکرایکرد، "بڕی لە ٨% کارەبا کەمتر بەسلێمانی دەدرێت".

ھەر لەوساڵەدا واتە ٢٠١٧ ڕێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد، "داوای یەکسانی ناکەین، بەڵکو داوای دادپەروەری دەکەین، چونکە ئەگەر داوای یەکسانی بکەین بەشی سلێمانی دەخورێت".

جەختیشیکردەوە، "لەماوەی ساڵ‌و نیوێکی ڕابردودا کارەبای سلێمانی حەوت بۆ ھەشت نوسراوی بۆ وەزارەتی کارەبا کردوەو وەڵامیان نەدراوەتەوە، بۆیە ئەگەر فشاری ئەنجومەن تەنھا نوسراوێک بێت ھاوشێوەی نوسراوەکانی دیکە ئەنجامی نابێت".

ھەر بۆ زانیاری خوێنەران، ساڵی ٢٠١٧ تەنھا بڕی ٢٠٠ مێگاوات کەمتر کارەبا بەسلێمانی دراوە، ئەمە وتەی (دانا شەھید جەزا)یە کە ئەوکات ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوو، بەڵام ئێستا کە ٢٠١٩یە جیاوازیەکە زیادیکردوە بۆ ٣٥٠ مێگاوات کارەبا.

ھاوکات ساڵی ڕابردوو د.غالب محەمەد کە ئەوکات ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوو ئاماژەی بەوەدابوو، شێوازی دابەشکاریی کارەبا ھەڵەیەو دەبێت بەگوێرەی بەشداربوی کارەبا ئەم بڕە کارەبایە بەسەر شارەکاندا دابەشبکرێت.

بەشێوەیەک سلێمانی ٥٨٠ ھەزارو گەرمیان ٤٠ ھەزارو ھەولێر ٥٣٠ ھەزارو دھۆکیش ٣٢٠ ھەزار بەشداربوی کارەبای ھەیە، بەم پێیەش بێت، سلێمانی مافی خۆیەتی لە ٤٣%ی کارەبای ھەرێمی بەربکەوێت، ئەمە لەکاتێکدایە لە ٣٥%ی کارەبای ھەرێمی بۆ دەنێردرێت.

دەی ئیتر تێناگەم غەدر چیەو چ ناوێکی دیکە ھەڵدەگرێت.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
عەبدولواحید محەمەد
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.