وتار
گەندەڵی و تیرۆر دوو رووی دراوێک

د.بەختیارشاوەیس

سەری زمان‌و بنی زمانی کاربەدەستانی دەوڵەتی عیراق، ئەوەیە کە گەندەڵی پەتایەکە کاریگەری‌و مەترسییەکانی لە تیرۆر کەمتر نییەو لە داھاتوودا ئەگەر تیرۆرو کارە تیرۆریستییەکان نەبنە ھۆکاری یەکەمی شکستی پڕۆسەی سیاسی، ئەوا بەردەوام دەڵێن کە گەندەڵی سەری عیراق دەخوات. ھەفتەی رابردوو لە کاتی نقومبوونی بەلەمێک لە موسڵ کە بووە ھۆی گیان لەدەستدانی دەیان‌و ھەتا ئێستاش دەیانیتر بێسەروشوێنن، جارێکی دیکە مەسەلەی گەندەڵی‌و دژایەتی ئەم پەتا ترسناکە وروژێنرایەوە. بەڵام ئەوەی کە دەیبینین ھەتا ئێستا مەسەلەکە لە ئاستی وتارو ھوتافی حەماسی‌و خۆگیفکردن زیاتر تێنەپەڕیوەو ھەنگاوی عەمەلی بەرجەستەکراو لە دژایەتی گەندەڵی بوونی نییە، ھەربۆیە ھاوشانی زیادبوونی گەراکانی گەندەڵی، تواناکانی حکومەت لە ئاستی دارایی‌و خزمەتکردنی ھاووڵاتیان بەرەو لاوازی دەڕوات بە چەشنێک کە قەرزی دەرەکی عیراق ئێستا گەیشتۆ‌تە ١٣٣ تریلیۆن دینارو بەپێی یاسای بودجەی ئەمساڵ، لە خەرجییە سیادییەکان تەنھا ١٦ تریلیۆن لەو قەرزە دەدرێتەوەو بڕی ١١٧ تریلیۆن دینار دەمێنێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە ساڵانە سوودی دەچێتە سەر. عیراق کە سێیەم دەوڵەتی جیھانە لە رووی ھەبوونی یەدەگی نەوت‌و رۆژانە نزیکەی ٣،٥ ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت‌و لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە نزیکەی بایی ١٠٠٠ ملیار دۆلار بە تەنھا نەوتی فرۆشتووە.‌ بەڵام ئەوەندە قەرزی لەسەر کەڵەکە بووە مەگەر منداڵی منداڵەکانمان قەرزی ئێمەی باوباپیرانیان بدەنەوە کە لەمەشدا گەندەڵی ئیداری، گەندەڵی دارایی، گەندەڵی سیاسی، گەندەڵی لە زۆربەی ئاستەکاندا بۆ‌تە ھۆکاری دروستبوونی ئەو دۆخە نالەبارە. لە نقومبوونی بەلەمەکەدا ئەوە دووپاتبۆ‌وە کە ئەگەر ئەستەم نەبێت ئەوا شتێکی گران‌و قورسە کە دەوڵەت لە نەشتەرگەری ھەڵکێشانی خانە شێرپەنجەییەکانی گەندەڵی رزگاری بێت. بەوپێیەی ئەو گرێبەستەی کە ناوچە گەشتیارییەکەی تێدا کراوە،‌ پڕیەتی لە نیشانەی پرسیارو گومان، دواتر خودی بەلەمەکەو کەرەستە کۆنە بەسەرچووەکانی جۆرێکە لە گەندەڵی، نەبوونی چاودێری رۆژانە بۆ تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی بەلەمەکەو دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان جۆرێکە لە گەندەڵی، بارکردنی ٢٧٠ نەفەر بۆ بەلەمێک کە خۆی توانای ھەڵگرتنی ٥٠ ھاووڵاتی ھەیە،‌ بەڕۆژی نیوەڕۆ جۆرێکە لە دزی‌و گەندەڵی، دیسانەوە نەبوونی کەسانی شارەزا بۆ شۆفێریکردنی بەلەم لەسەر بنەماو پێوەری زانستی‌و نێودەوڵەتی ھەر جۆرێکە لە گەندەڵی، دواتر ھەبوونی دەیان گەندەڵی تر کە لە بەلەمەکەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە ئەنجومەنی پارێزگاو جێگرەکانی‌و پارێزگار خۆی تۆمەتبارن بەگەندەڵی. ئەی کەواتە کێ‌و کام دەزگا مایەوە؟ ئەگەر پارێزگارو جێگرەکەیت چارەکرد، ئەی چی دەکەیت لەوانەی بەرپرسن لە گرێبەستە گوماناوییەکان؟ خۆ ئەگەر بە سیحر ئەمانەشت پاککردەوە،‌ ئەی چی دەکەیت لەو دەیان بەلەم‌و بیناو دەزگا ستۆک‌و پڕ لە فێڵانەی کە لەم وڵاتەدا بڵاوبوونەتەوەو رۆژانە ژیانی ھاووڵاتیانی عیراق بە شێوەی مەعنەوی یان مادی وەک بەلەمەکەی موسڵ نوقم دەکەن‌و دەخنکێنن؟! زیاتر لە ٣٠٠٠ مەلەفی گەندەڵی. لەناو باڵۆن‌و رەفەکانی دەستەی نەزاھە ھەڵچنراون‌و تۆزی چەندین ساڵەیان لەسەر نیشتووە، ئەمانە مەلەفی گەورەو ھەستیارو پڕ لە دزی‌و تاڵانبردن‌و پڕۆژەی وەھمین کە ھەندێکیان نەک ھەموویان ئەگەر لە کاتی خۆیدا ساغ بکرانایەتەوەو لێپێچینەوەی یاسایی لە بکەران‌و گەندەڵکارەکان بکرایە، ئێستا لە بری عیراق دەوڵەتێکی وەک بەریتانیا یان ئوسترالیاو بەغداش لە بری ئەوەی ئێستا دەبووە پاریس‌و دوبەی‌و جەزیرەکەی موسڵیش وەک شاری ڤینیسیای ئیتالیای لێدەھات، سەرەڕای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان‌و ھۆشدارییەکانی مەرجەعی باڵاو چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، سیستەمی سیاسی لەم وڵاتەدا لەسەر رێچکەکەی خۆی کە گەندەڵییە، ملی رێی گرتووەو تروسکاییش لە ئاسۆدا دیار نییە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم دەردە ترسناکە. ھەربۆیە سیاسی‌و کاربەدەست‌و حزبەکان بە تێکڕا پێویستە ئەوە بزانن کە راستە گەندەڵی‌و تیرۆر دوو رووی یەک دراون، بەڵام ئەگەر بە فعلی دژایەتی گەندەڵی نەکەن، ئەوا رزگاریان نابێت‌و ئەگەر بە کۆمەکی نێودەوڵەتی‌و ھێزی نیشتمانی چەکدار داعشیان لە مەترسییەکانی دەسەڵاتەکەیان دوورخستبێتەوە، ئەوا پەتای گەندەڵی لە ناوخۆدایەو کوشندەترەو ئەمڕۆ زووتر لە سبەی دەبێت پلانی ستراتیژی بۆ لەناوبردنی دابنرێت.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
د.بەختیارشاوەیس
د.بەختیارشاوەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.