وتار
دیسانەوە نەوت و موچە

د.بەختیارشاوەیس

لەم هەفتەیە جارێکی تر مشتومڕ و باسوخواستەکانی تایبەت بە ناردنی نەوتی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران کەیەکەمیان بۆ بەغداد ودووەمیان بۆ هەرێمی کوردستانە سەریهەڵدایەوەو لەمەشدا جگەلە دڵەڕاوکێ و درووستکردنەوەی گومان لەناو دڵی  فەرمانبەران و هاوڵاتیانی خێرلەخۆندیو و بڵاوکردنەوەی نائومێدی لەناوشەقام هەروەها  جۆرێک لەهات و هاواری لەناو ئەنجومەنی نوێنەران لێکەوتەوە کەدواجار بە گەورەبونی ئەم هات و هاوارانە، ئەو پەیوەندیە جێگیرە دەکەوێتە مەترسیەوە کەلەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد  دروستبوە وپێشتر ماوەیەکی زۆر بەهۆی ڕیفراندۆمەوە پەیوەندیەکان پچڕابون

٭ نەوت لەسەرئاستی عیراق؛

جگە لە عیراق، لەهەموو وڵاتێکی تر نەوت سەرچاوەی خۆشگوزەرانی و ئاسودەگی و دابینکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆخەڵکەکەی، بەڵام لێرە ڕێک بەپێچەوانەوەیە.

 بەدرێژایی ساڵانی بەر لە ۲۰۰۳ پارەی نەوت سەرچاوەی کڕینی چەکی کیمیایی و تۆپ و تەیارە بوو ٫ پارەی نەوت جەنگی هەشت ساڵەی عیراق- ئیران و جەنگی داگیرکاری کوەیتی دابینکردوەو دواجار هەر نەوت خەڵکی عیراقی بەبێجیاوازی پێقڕ دەکرا. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیشەوە دیسانەوە نەوت سەرچاوەی گەندەڵی گەورەو کوشتنی مەعنەوی هاوڵاتیان و بڵاوبونەوەی هەژاری و دەرەتانێکی ئێجگار گەورەیە، ئەگەرنا بەڕیشی کێ ڕەوایە دەوڵەتێک هەموو ڕۆژێک بەنزیکی ٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەئاشکرا و بەبێ ئاشکرا دەرهێنێت و بفرۆشێت بەڵام ئاوی خواردنەوەی پاکی لەبەسرە  نەبێت و لەپلەی گەرمی سەروو ٥۰ پلەوە نیوەی کەمتر لە کاتەکان کارەبای نەبێت ولەزۆربەی پارێزگاکانی ڕێژەی هەژاری ٥۰٪ تێپەڕاندبێت؟؟

٭ نەوت لەسەرئاستی هەرێم؛

لەدوای دەرهێنانی نەوتەوە، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان توشی مەترسی و بڕین بوو، بەجۆرێک کەپێشتر شتی وانەبوە و تەنانەت لەساڵانی نەوەدەکان کە ئابڵوقەی ئابووری لەلایەن ڕژێمی بەعسەوەلەسەر هەرێمی کوردستان بوو ،فەرمانبەران بەوشێوەیەی ئێستا تەنگەتاونەبوون و موچەکەیان نەکرا بەنیوە و سیستەمی پاشەکەوتی موچە بەکارنەهێنرا، هەر ئەمەشە وایکردوە کە ئێستا هاوڵاتی سادە دەپرسێت نەوتمان کڕیوە یان نەوتمان فرۆشتوە؟؟

کەواتە نەوت لەبەسرەوە بۆ زاخۆ لەبری ئەوەی ببێتە نیعمەت بوەتە نیقمەت. نەوت لەبری دابینکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی کراوەتە هۆکاری ئاڵنگاری گەورەی بەردەم ئاشتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، بەڵام لێرەدا دووخاڵی گەوهەری کەگرنگە تیشکی بخەینەسەر ئەوەیە کە:

۱-هاوڵاتی کام خەتای کردوە، کاتێک باجی ململانێی سیاسی بدات و موچەکەی ببڕێت؟ لەدەستووردا کەی بڕینی موچەی هاوڵاتی تیایە بەهەر بیانوویەک بێت؟؟

۲-ئەوانەی کە ماوەی چوار ساڵ موچەی هاوڵاتیان بڕی بەناوی سزای حکومەتی هەرێمەوە چیان دەستکەوت لە زیاتر قەڵەوکردنی سیاسیەکان و برسیکردنی زیاتری هاوڵاتیان؟؟

هەربۆیە حەق وایە هاوڕێکانم لەنوێنەران بە پەرلەمانتارانی دەرەوەی هەرێم و ناو هەرێمی کوردستانەوە ، ئەوەندەی بەدوای چارەسەر دەگەڕێین بەدوای کێشەو نانەوەی ئاژاوەو بێهیواکردنی زیاتری خەڵکی هەژار نەگەڕێین. با لێیگەڕێین ئەو یاسایەی کەهەموان دەنگمان پێداوەو لەبڕگەی (ج) کەلای هەندێک خراپترین بژاردەیە جێبەجێ ببێت و ببێتە دوادەرفەت بۆ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عادل عەبدولمەهدی بۆئەوەی بەگفتوگۆ و سازان کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەگەر نا بە گرژی و هەڕەشەو تێکدان کەسمان قازانج ناکەین و وڵات هێندەی تر کاول دەکەین.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
عەبدولواحید محەمەد
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.