وتار
عادل عەبدولمەھدی لە ناوجەرگەی فشارەکاندا

فەرید ئەسەسەرد

جەنابی سەرەک وەزیرانی عیراق عادل عەبدولمەھدی لە دۆخێکی ناھەموار دایە و توانای بڕیاردانی لەدەستداوە. لە دوایین پەیامی بۆ سەرەک وەزیران، موقتەدا سەدر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ھەڕەشەی متمانە لێ سەندنەوەی لێ کرد‌و وتی» تۆ دەزانیت کە شەش مانگ تا ساڵێکت لەبەردەم دایە بۆ سەلماندنی چانسی سەرکەوتووییت». لیستی ناڕازییەکان تا دێ فراوانتر دەبێ‌و بەدڵنیاییەوە ھەر بە ھادی عامری ‌و مالیکی ‌و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ‌و سەدر ‌و بەرەی تورکمانی داناکەوێ.

عەبدولمەھدی ئەزمونێکی توندوتۆڵی لە ململانێی سیاسیدا نیە ‌و تاقیکردنەوەکانی رابردوی وەک کەسێکی پشوو درێژ دەری ناخەن. بەشێکی گرنگی کێشەکە لە کەسایەتیی عەبدولمەھدی دایە کە لەبنەڕەتدا کەسایەتییەکی توندوتۆڵی نیە و مێژووی سیاسیی وەک کەسێکی نیگەران و ناجێگیر نیشانی دەدا.

عەبدولمەھدی لە ژیانی سیاسییدا بە چەندین وێستگەی جیاوازدا تێپەڕیوە. لە پەنجاکاندا ئەندێشەی عەرەبایەتی بەسەر بیرکردنەوەی سیاسییدا زاڵ بوو، ھەر ئەمەش ھانی دا پەیوەندی بەرێکخستنەکانی حزبی بەعسەوە بکا. لە ساڵی ١٩٦٣ دا وازی لە حزبی بەعس ھێنا‌و بەلای بیروباوەری چەپگەراییدا دایشکاند. زۆری نەبرد پەیوەندیی بە پارتی کۆمۆنیستی عیراقەوە کرد بەڵام ئارەزووی کۆمۆنیزمێکی توندوتیژی دەکرد، بۆیە بەلای بیروباوەڕی ماو تسی تۆنگدا دایشکاند‌و پەیوەندیی بەو توندڕەوانەوە کرد کە سەرکردایەتی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیستی عیراقیان بە سەرۆکایەتیی عەزیز حاج دامەزراند. پاشان لە سوریا، لە سەرکردایەتیی ناوەندیش ھەڵگەڕایەوەو چووە ناو گروپێکی توندڕەوتر بەناوی ویحدەت ئەلقاعیدە.

لەگەڵ سەرھەڵدانی شەپۆلی ئیسلامگەرادا، وازی لە بیری چەپ ھێنا‌و پەیوەندیی بە محەمەد باقر حەکیمەوە کرد، لە رێکخراوی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عیراقدا جێی خۆی کردەوەو لە سوریاوە گواستییەوە بۆ ئێران. دواتر لەگەڵ عەبدولعەزیز حەکیم ‌و دوای ئەو لەگەڵ عەممار حەکیم کاری کرد. ساڵی ٢٠٠٥ زۆر ھەوڵی بەدەست ھێنانی پۆستی سەرەک وەزیرانی دا بەڵام لایەنە شیعییەکان پێی رازی نەبون. بەر لەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی پێ بدرێ، لە سێ پۆستدا وەک وەزیری دارایی ‌و جێگری سەرۆکی کۆمار ‌و وەزیری نەوت تاقی کراوەتەوە کە ئەستەمە لە ھیچ کامیاندا بە سەرکووتوو بژمێردرێ.

ڕاڕاییەکەی وای لێ کردوە نەفەسی کورت بێ ‌و نەتوانێ بەردەوام بێ لەسەر لێپرسراوەتییەکان. ھەر ئەو ڕاڕاییەشە کە وای لێ کرد، پاش دوو ساڵ لەدەستبەرکاربونی وەک وەزیری نەوت، کتوپڕ دەست لەکار بکێشێتەوە ‌و بچێ لەماڵ دانیشێ.

ھۆی ھەڵبژاردنی بە سەرەک وەزیران بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە کەسێکی بەتوانا ‌و شایستەیە، بەڵکو چانس وای بۆ ھێنا کە رێک نەکەوتنی لایەنە شیعییە بەھێزەکان، وای کرد وەک کەسێکی پەسەندکراو لە چوارچێوەی سازاندا پۆستی سەرۆکی حکومەتی پێ بدرێ.

لە نێو ھەموو سەرەک وەزیرەکاندا لە عیراقی تازەدا، عەبدولمەھدی لاوازترینیانە. لە رەوشێکی دژواری وەک ئەوەی عیراق تێیدا دەژی زۆر ئەستەمە کەسێکی وەک عەبدولمەھدی سەرکەوتوو بێ. تاکە بەھرەی عەبدولمەھدی ئەوەیە کە پەیوەندیی باشی لەگەڵ کورد‌و سوننەدا ھەیە. بەڵام بەپێی ئەوەی کە لە عیراق دەگوزەرێ، کەس نازانێ شیعەکان ھەتا کەی پشتگیریی دەکەن. سوننەکانیش لەسەر شێوەی دابەش کردنی پۆستە وەزارییەکان، گلەییان لێ ھەیە.

لە نێو کوردیش لەسەرەتادا پشتیوانییەکی زۆری لێ کراو ھەر بەو چاوە سەیر کرا کە دۆستی کوردە. پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆک تاڵەبانی زۆر بەھێز بوو ‌و ھەماھەنگییەکی تۆکمە لەنێوانیاندا ھەبوو. بەڵام ئێستا بەھۆی قەیرانی وەزارەتی دادەوە، دەشێ پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدەست بدا.

عەبدولمەھدی ھەر لە سەرەتاوە کارتی دەست لەکارکێشانەوەی بەکارھێناوە. وەک چۆن ماوەی چوار ساڵ خۆی لە وەزارەتی نەوت تەواو نەکرد، زۆر بەلایەوە ئاساییە کە ماوەی چوار ساڵی وەک سەرۆکی حکومەت تەواو نەکات.

دیارە ئەرکی عەبدولمەھدی زۆر قورسە. ھەنگاوەکانی بۆ گەیشتن بە سازان ھەنگاوی پتەو ‌و تۆکمە نین. تا ئێستا ھەر لەھەوڵی ئەوە دایە کە ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە خۆی رازی بکات، بەڵام بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە لەم ھەوڵەدا سەرکەوتوو نەبوە. لەو ھەنگاوانەشی کە تێیدا ویستویەتی ھەندێک رازی بکا‌و ھەندێکی تر بە ناڕازی بھێڵێتەوە، بە چارەسەر نەگەیشتووە. کێشەی عەبدولمەھدی لەوە دایە کە ھێزی پێویستی بۆ سەپاندنی راو بۆچوونەکانی خۆی نیەو ھەموو لایەنەکان فشاری لەسەر دروست دەکەن. لە دۆخێکی وادا کەسێک نامێنێ پێی بوترێ دروستکەری بڕیار.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
عەبدولواحید محەمەد
د.بەختیارشاوەیس
به‌ختیار محه‌مه‌د- كاروان محه‌مه‌د
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.